پزیشکانی بێسنوور: زیاتر لە ٢٠ هەزار بریندار لە کەرتی غەززە گیریان خواردووە

ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ئاشکرایدەکات، زیاتر لە ٢٠ هەزار بریندار لەناو کەرتی غەززەدا گیریان خواردووە و داوا دەکەن بە هانایانەوە بچن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە، سوپای ئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە زیاتر کردووەو بەهۆی بۆردومانی نەخۆشخانەکان و کامپی پەنابەرانەوە ژمارەیەکی گیان لەدەستدان و برینداران ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندایە کە زۆرینەیان منداڵانن و ڕێکخراوی یونسێف وتبووی: ڕەنگە غەززە ببێتە گۆڕستانی منداڵان.

 

ئەمڕۆ ٢ی تشرینی دووەم، ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ژمارەی ئەو بریندارانەی لەناو کەرتی غەززە گیریان خواردووە، بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، زیاتر لە ٢٠ هەزار بریندار لەناو غەززە گیریان خواردووەو پێویستە بە زووترین کات ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا ڕابگەیەندرێت تاوەکو پێداویستیی زیاتری پزیشکی ڕەوانەی غەززە بکرێت.