پارێزەرانی باشووری کوردستان داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد دەکەن
دژی ئەو پێشێلکارییە نێودەوڵەتیانەی دژ بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجام دەدرێت، کۆمەڵێک پارێزەری باشووری کوردستان داوا دەکەن بە زوترین کات یاسا نێودەوڵەتییەکان کاریان پێبکرێت و ڕێبەر ئۆجالان ئازاد بکرێت.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە کافتریای ماڵی سندی لە شاری سلێمانی، کۆمەڵێک پارێزەرانی باشووری کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان دەربارەی گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بەست و پەیامیان بۆ یەکێتی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ،ڕێکخراوی cpt ،ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نارد تا ڕێگری لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بگرن.
چرۆ شوانی، پارێزەر، پەیامی پارێزەرانی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا، لە ٩ی ئەم مانگە هەڵمەتی "ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسیی بۆ پرسی کورد" دەستی پێکردووە بۆ ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان، وەک پارێزەران بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بێینە دەنگ، لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "یەکێتی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ،ڕێکخراوی cpt ،ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەشکەنجەیەکی قورسە، ٢٥ ساڵ تێپەڕبووە بەسەر ئەو پیلانگێڕیەدا کە تیایدا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان دەستگیر کرا.
دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان یەکێک بوو لەو پلانانەی بۆ لەناوبردنی گەلی کورد دانرابوو، هەروەها بۆ ئەوەبوو کە ببنە بەربەست لەبەردەم بەرەوپێشچوونی گەلی کورد، هەروەها مەرامی دەستێوەردانی وڵاتانی زلهێز لە پشتەوەبوو، هەرچەندە ڕفاندن و ڕادەستکردنی بە تورکیا پلانێکی هاوبەش بوو، دادگایکردن و حکومدانەکەشی سەرلەبەری پێشێلێکی گەورە و زەق بوو.
لەو سەردەمە بە دواوە هیچ ڕەفتارێکی یاسایی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجام نەدراوە ئەگەر فشاری خەڵکی ئازادیخواز نەبوایە بە دڵنیاییەوە پێشێلکارییەکان زیاتر دەبوون، دەوڵەتی تورکیا نزیکەی ٣٢ مانگە نەیهێشتووە نە پارێزەر و نە کەس و کاری چاویانپێبکەوێت، بەر لە ساڵێک پێش ئێستا ڕێکخراوی cpt سەردانی بەڕێزیان کرد و ڕانگەیاند ڕاپۆرتەکەی بڵاو دەکەنەوە بەڵام ڕێگرییەکانی تورکیا ڕێگەی بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکە نەدا، ئەمەش دووبارە پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
لە کۆتایدا داواکارییەکەیان خستەڕوو، کە داواکارن لە دەوڵەتی تورکیا هەرچی زووە گفتوگۆی ئاشتیانە لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان دەستپێبکاتەوە و ئازادی فیزیکی دەستەبەر بکەن، ڕاستەوخۆ ڕێگە بە پارێزەر و کەسوکاری بدرێت دیداری لەگەڵدا ببەستن، ڕێکخراوی cptدەبێت تورکیا ناچار بکات بە ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان، گەلی کورد لە کوردستان و دەرەوەی وڵات لەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بێدەنگ نەبن و چالاکی جۆراو جۆر ئەنجام بدەن.