دۆخی لەسێدارەدان لە ئێران و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ

زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدانەکانی چالاکوانی مەدەنی و سیاسی گەلانی کورد و بەلووچ، هەڵاواردنی ڕەگەزی و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ڕژێمی ئیسلامییەوە نیشان دەدات، چالاکوانێکیش دەڵێت: سێدارە ئامڕازێکی ڕێگرییە لە بەدەستهێنانی مافە سیاسی و مەدەنییەکان.

نەسیم محەمەدخوا

 

ورمێ- ئەمڕۆ ١٠ی تشرینی یەکەم، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشان دژی سێدارەیە، ئەم ڕۆژە هۆکارێکە بۆ تیشک خستنەسەر دۆخی سێدارەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، لە سێدارەدان بە کوشتنی دەوڵەتییش ناسراوە و ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ژمارەی کوشتنی دەوڵەتی لە جیهاندا هەیە، چونکە ئەو ڕژێمە لە سێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ترس و تیرۆر لەناو هاوڵاتییان بەکاردەهێنێت.

 

لە ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٥٧٦ هاوڵاتی ئێرانی بە هۆکاری جۆراوجۆر لە سێدارە دراون، لە جیهانیشدا، جگە لە چین کە هیچ سێدارەدانێکی تیایدا تۆمار نەکراوە، ٨٨٣ حاڵەتی سێدارە تۆمار کراوە، ئەم ئامارە دەریدەخات کە ئێران بە تەنها زیاتر لە ٦٥٪ی هەموو لەسێدارەدانەکانی جیهان (بەدەر لە چین) ئەنجام داوە، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی ئێران تەنها نزیکەی ١٪ی دانیشتوانی جیهانە.

 

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی لە جیهاندا هەیە، کوشتنی ڕژێم لە ئێران لەسەر ئەو کەسانە ئەنجام دەدرێت کە تۆمەتبارن بە تاوانی سیاسی، ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی دیکە. لە ساڵانی ڕابردوودا و لە سەردەمی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ڕژێمی ئیسلامی چەندین کەسی لە سێدارە داوە، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٣٥٤ هاوڵاتی لە ئێران لەسێدارە دراون، کە لانیکەم ٧١ هاوڵاتییان بەلووچ بوون.

 

یەکێک لە چالاکانی مەدەنی بە نازناوی "ژیلە" سەبارەت بە زیادبوونی حوکمی لەسێدارەدان وتی: لە ساڵی ڕابردووەوە لە زستان و بەهاردا لەسێدارەدانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ڕژێمی ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدات بە ئەنجامدانی لە سێدارەدانی گروپ، ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیان دروست بکات، لە ناوچەکانی کوردستان و بەلوچستان چەندین زیندانی هەبوون کە چەندین ساڵ لەمەوبەر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، بەڵام هەموویان لە کاتێکی دیاریکراودا و بە گروپ بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ترساندنی خەڵک، لەسێدارە دران.

 

ژیلا جەختی لە پێویستی هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان کردەوە و وتی: حوکمی لەسێدارەدان پەیوەستە بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە بەهۆی زەوتکردنی مافی ژیانەوە، بەتایبەتی لەو ڕژێمانەی کە سیستمی دادوەری سەربەخۆیان نییە، لە ئێران پرۆسەی قەزایی پەیوەستە بە پێشێلکاریی جددی مافی مرۆڤەوە، بەزۆری تۆمەتباران بە ناڕەوا دادگایی دەکرێن و دەستیان بە بەرگرییەکی دروست ناگات، ئەم پرسە زیاتر بە تایبەتی بۆ ئەو تۆمەتبارانە دیارە کە بە تۆمەتی سیاسی دادگایی دەکرێن و لە ئێرانیش بە مەبەستی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیان لە سێدارەدان ئەنجام دەدرێت.

 

ژیلا لە بارەی سەرکوتی ڕەگەزی لە ئێران و کوشتنی ڕژێم وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی گەلانی کورد و بەلووچ ڕوونی کردەوە: "بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، زۆربەی ئەو هاوڵاتیانەی لە ئێران لە سێدارە دراون لە گەلی کورد و بەلووچن بە بەراورد لەگەڵ دانیشتووانی دیکە، ئەم لەسێدارەدانانە دەرخەری ئەو هەڵاواردنە ڕەگەزییە جددییەن کە لە ئێراندا هەیە، ئەم هەڵاواردن و ستەمکارییە ڕەگەزییە بەتایبەتی زیان بە ژیانی کەمینەکان دەگەیەنێت و لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ ڕێگریکردن لە بەدواداچوونی مافە سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانیان بەکاردەهێنرێت".