مامۆستايان: شوێنی ئێمە ناو هۆڵەکانی خوێندنە نەوەک سەر شەقام

مامۆستایانی هەڵەبجە لەگەڵ مامۆستایانی دیکەی سنوری پارێزگای سلێمانی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستیان بە گردبوونەوە کرد و ڕایانگەیاند، شوێنی ئێمە ناو هۆڵەکانی خوێندنە نەوەک سەر شەقام.

هەڵەبجە

 

مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەڵەبجە لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی  هەڵەبجە بە وتنەوەی دروشمی "بار بکەن بڕۆن، شۆڕش ببەنەوە بۆ هەندەران" گردبوونەوە و بەردەوامی بایکۆتی خوێندنیان ڕاگەیاند.

 

ئیلهام فەتاخ، مامۆستایەکە و باسی لەوەکرد، جێگەی مامۆستایان سەر شەقام نییە و ناوەندەکانی خوێندن و ئەرکی پێگەیاندنی خوێندکار و دڵسۆزیەتی بۆ خاک و نیشتمانە، وتیشی: منداڵانی ئێستا باوەڕیان بە بڕوانامەکانیان نەماوە، چونکە دایک و باوکیان کە مامۆستا و فەرمانبەرە، ٣٠ ڕۆژ تێدەپەڕێت و مافی خۆی وەرناگرێت، ئەمەش وەک منەت نییە حکومەت بیکات.

 

کۆی جومگەکانی حکومەت پێویستە دووبارە ڕێکبخرێنەوە

مامۆستایان و فەرمانبەران تەنها داوای هەقی خۆیان ناکەن، بەڵو داوا لە حکومەت دەکەن سەرجەم جومگەگانی حکومەت، کە لە کار کەوتووە، بە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەو بخەنەوە کار، مامۆستا ئیلهامیش دەڵێت: نابێ لە پشت جام ڕەشەوە گوێ لە خەڵکی بگیرێت، بەڵکو پێویستە بێنە شەقام و گوێ لە شەقام بگیرێت، هەر حکومەتێک گوێ لە شەقام نەگرێت، ئەوا وەک ئێستا حکومەتێکی فاشیل دەبێت، بۆیە پێویستە سەرجەم مووچەکان بدەن، تاوەکو مامۆستایان بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن و فەرمانبەران بەردەوام بن لە دەوامەکانیان.

 

"پلە بەرزکردنەوە مەرجی گەڕانەوەمانە بۆ هۆڵەکانی خوێندن"

بەهار حەمە ئەمین، ماوەی ٣٤ ساڵە مامۆستایە و ئەمرۆ هاتووەتە سەر شەقام کە داوای مافەکانی خۆی دەکات، دەڵێت: پێویستە حکومەت بەدەم داواکانمانەوە بێت، کە پلە بەرزکردنەوە و گەڕانەوەی مافی مامۆستا و فەرمانبەرە، ئێمە بەردەوام دەبین تاوەکو مافەکانمان دەگەڕێتەوە.

 

ماوەی سێ مانگە مامۆستایان و فەرمانبەران مووچەکانیان دواکەوتووە و تا ئێستاش لە مانگی تشرینی یەکەمداین و مووچەی مانگی تەمموز لە هەموو دامودەزگاکان وەرنەگیراوە.