بە دروشمی "مامۆستای وانه‌بێژین بۆ په‌روه‌رده هه‌ق بێژین" بایكۆتی خوێندن ڕاگه‌یه‌نرا
ئەمڕۆ لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و چەندین ناوچەی دیکە بایکۆتی خوێندن ڕاگەیەندرا و مامۆستایان و فەرمانبەران کارەکانیان ڕاگرت و داوا دەکەن، پێنەدانی مووچە لە سێ مانگ زیاتر درێژە نەسەنێت.
هەڵەبجە
ئەمڕۆ لە قوتابخانەکان زەنگی دەستپێکی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ لێدرا، بەڵام مامۆستایان چەند ڕۆژێکە ڕایانگەیاندووە کە بایکۆتی خوێندن دەکەن، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە ماوەی سێ مانگە مامۆستایان و فەرمانبەران مووچەیان وەرنەگرتووە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە فەرمانبەران بە هۆی پێنەدانی مووچە بایکۆتی دەوامیان کردووە، ئەمڕۆش هاوکاتی یەکەم ڕۆژی خوێندنە، بەڵام مامۆستایان لە قوتابخانەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان، سنوری سلێمانی بایکۆتی گشتیان ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، بایکۆتى پڕۆسەى خوێندن دەکەن تا شایستە دارایییەکانیان پێ نەدرێت دەوام دەست پێ ناکەنەوە.
هەر ئەمڕۆ لە بەردەم به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی هه‌ڵه‌بجه، ژماره‌یه‌ك له مامۆستایانی وانه‌بێژ و یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان لقی هەڵه‌بجه گردبوونه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تیان ڕێكخست و بایكۆتیان ڕاگه‌یاند.
"تا جێبەجێکردنی داواکانمان بەردەوام دەبین لە بایکۆت"
به‌سۆز حسێن، ماوه‌ی شه‌ش ساڵە وانه‌بێژه و نیگه‌رانه له‌وه‌ی هه‌ر ساڵ به جۆرێك بڕیاریان لەسەر دەدرێت و تا ئێستاش هیچ یەکێک لە بەڵێنەکان لەلایەن حکومەت و پەروەردەوە جێبەجێ نەکراون، وتیشی: ئێمە ده‌نگی خۆمان ده‌خه‌ینه پاڵ مامۆستایانی دامه‌زراو و ناچینه هۆڵه‌كانی خوێندنەوە تاوه‌كو به ده‌م داواكاریه‌كانمانه‌وه نه‌یه‌ن.
کەلسوم سەباح، پێنج ساڵە مامۆستای وانهبێژە، وتی: ئه‌مرۆ هاتووین داوای مافه سه‌ره‌تاییه‌كانمان بكه‌ین نە دامەزراوین و نە مووچەمان دەدرێتێ، من له ده‌ره‌وه‌ی شارم و نیو مووچه وه‌رده‌گرم، بەم شێوەیە نابێت و به‌رده‌وام ده‌بین تاوه‌كو مافه‌كانی خۆمانمان پێ ده‌ده‌ن.
له كۆتایشدا یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان لقی هه‌ڵه‌بجه هاتهنە ناو مامۆستایانی وانەبێژ و ده‌نگی خۆیان خسته پاڵ ده‌نگی وانەبێژان و بایکۆتی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند.
جێی ئاماژەیە بایکۆتی دەوام لە بەشێک لە فەرمانگەکانی سنوری سلێمانی و لەلایەن فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی گەرمیان، بانکی خانووبەرە، دادگا، نەخۆشخانەی گشتیی کەلار، نەخۆشخانەى قەڵا، هەروەها، نەخۆشخانەى فریاکەوتنی شەهید هەژار درێژەى هەیە.