نزیکەی ٢٥ ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی چیای مەریوان دەستگیرکران

هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر شوێنی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی سەوزی چیای مەریوان و زیاتر لە ٢٥ ئەندامی ئەم کۆمەڵەیەیان دەستبەسەر کرد، بەشێکیان دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەسەرکرانیان ئازاد کران.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنێ هێزە ئەمنییەکانی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، ئیدارەی ئیتلاعات و هێزی پۆلیسی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، هەڵیانکوتایە سەر کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی سەوزی چیای مەریوان لە یەکێک لە باخەکانی دەوروبەر گوندی "نەچی"ی مەریوان و زیاتر لە ٢٥ ئەندامی ئەم کۆمەڵەیە و چەند ژینگەپارێزێکیان بە توندوتیژی و سوکایەتی دەستبەسەر کرد و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەریوان گواسترانەوە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، ئەفسەرانی ئاسایش دەستیان بەسەر سەرجەم کەلوپەلی کەسی بەشداربووانی کۆبوونەوەکەدا گرتووە بە مۆبایلەکانیانەوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەسەرکردنی ئەندامانی کۆمەڵەی سەوزی چیای مەریوان، جگە لە "مادح خوشنەواز، کاوە داستان و کاوە کەریمیان" سەرجەم دەستگیرکراوەکانی دیکە ئازاد کراون.

 

کۆمەڵەی سەوزی چیای مەریوان، ڕێکخراوێکی ناحکومییە و لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە چالاکییەکانی لە بواری پاراستنی ژینگە لە مەریوان دەستپێکردووە، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوە زنجیرەیی و گوماناوییەکانی دارستانەکانی مەریوان و سنە و زاگرۆس هەبووە، بەو هۆیەشەوە هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتەوە هەراسان و هەڕەشەیان لێکراوە و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون. مانگی ڕابردوو لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان، پێنج ئەندامی دیکەی ئەم کۆمەڵەیە بە ناوەکانی ئازاد ڕووحی، لەیق ئەحمەدی، سەرکەوت عەبادی، ئالان ئەردەشیری و دەلیر محەمەدی دەستبەسەر کراون و دەستبەسەرکردنیشیان لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژکراوەتەوە.

 

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە چالاکانی ژینگەپارێزی ئەندامی کۆمەڵەکە و خۆبەخشەکانیان لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی زاگرۆس، گیانیان لەدەستداوە.