خێزانی ژینا ئەمینی: ساڵیادی ژینا دەکەینەوە
بنەماڵەی ژینا ئەمینی سەرەڕای فشاری دامەزراوە ئەمنییەکان، ڕایانگەیاند کە بۆ ساڵیادی منداڵەکەیان مەراسیمێکی "نەریتی و ئایینی" بەڕێوە دەبەن.
ناوەندی هەواڵ
سەرەڕای فشاری دامودەزگا ئەمنییەکان و هەڕەشەی توند سەبارەت بە ئەنجامنەدانی مەراسیمی ساڵیادی ژینا ئەمینی، بنەماڵەکەی ڕایانگەیاند کە بە مەراسیمی "نەریتی و ئایینی" ساڵیادی منداڵەکەیان بەڕێوە دەبەن.
بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە پەیامێکدا کە لە هەژماری ئینستاگرامی ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، بڵاویان کردووەتەوە نووسیویانە: ئێمە بنەماڵەی ژینا وەک هەر خێزانێکی خەمبار، لە ساڵیادی کۆچی دوایی منداڵە خۆشەویستەکەماندا دەچینە سەر گۆڕەکەی و مەراسیمی نەریتی و ئایینی ئەنجام دەدەین.
لە پەیامەکەدا وێڕای سوپاس و پێزانینی "هاوسۆزی و نیگەرانییە بەنرخەکان"ی خەڵک و بەتایبەتی هاونیشتمانیان لە سەقز، بانگهێشتی هەموو لایەکیان کرد کە "دووربگرن لە هەر کارێکی توندوتیژی و کاردانەوەیان بەرامبەری هەبێت".
ڕاگەیاندنی مەراسیمی ساڵیادی ژینا ئەمینی لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مامی بە بێ ئەوەی هیچ هۆکارێک بخاتەڕوو لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە، هەروەها بنەماڵەکەی لەژێر گوشاری توندی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێراندان تا ساڵیادی نەکەنەوە، بەڵام بنەماڵەکەی سوورن لەسەر یادکردنەوە.