فێستیڤاڵی هەفتەی چالاکی کتێبخانەی گشتی بەردەوامە

دوێنێ فێستیڤاڵی هەفتەی چالاکی کتێبخانەی گشتی، بە ئامانجی ئاشتبوونەوەی خوێنەر و خوێندنەوە دەستی پێکرد و ماوەی ٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

سلێمانی

 

دوێنێ، ٣ی ئەیلوول لە کتێبخانەی گشتی سلێمانی لە شاری سلێمانی، فێستیڤاڵی هەفتەی چالاکی کتێبخانەی گشتی لە ژێر چاودێری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و کتێبخانە گشتییەکانی سلێمانی دەستی پێکرد و بڕیارە تا ٧ی ئەیلوول بەردەوام بێت.

 

جوان لەتیف عارف، یاریدەدەری بەڕێوبەری کتێبخانەی گشتی سلێمانی، باسی لە کاری کتێبخانەی گشتی کرد کە ساڵانە چەندین چالاکی و پێشەنگای کتێبی تیادا ئەنجام دەدرێت، جگە لەوەش لە لقی کتێبخانەکەدا لە شار و شارۆچکەکانی دیکە کار و پڕۆژەی جیاواز ئەنجام دراوە، کە ئامانجی زیاتر ئاشناکردنی خوێندنەوەیە بە خوێنەر، چونکە بەهۆی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە خوێندنەوە کەمی کردووە.

 

دەربارەی فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوەدا، چەند مانگێکە کاری ئامادەکردنی بەڕێوە دەچێت، ماوەی ٦ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و چەندین پێشەنگا و ناوەندی بڵاوکردنەوەی پەرتوک بەشداری تیادا کردووە، هەروەها بەشی شێوەکاری و فۆتۆگرافی تیادایە و بەشی سینەمای منداڵانیش بەشداری فێستیڤاڵەکە بووە، وتیشی: لە بەشێکی دیکەی پێشەنگاکەدا کاری دەستی ژنان هەیە، تا ژنانی دەستڕەنگین بتوانن لە فێستیڤاڵەکەدا بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە.

 

فێستیڤاڵەکە لە ڕۆژانی ٢-٧ی ئەیلوول، لە کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی، تا کاتژمێر ٦ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.