لە قامیشلۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار کرا
کۆردیناسیۆنی خەباتی منداڵان لە هەرێمی جزیرە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر مەنبج، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٤ منداڵ شەرمەزار کرد.
قامیشلۆ
لە ١ی ئەیلوول، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشیکردە سەر گوندەکانی مەنبج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ئەنجامدا، ٤ منداڵ لە گوندی ئەلموحسەنلی لە باکوور و ڕۆژئاوای مەنبج کوژران، ناوی ئەو منداڵانەی کە کوژراون بەم شێوەیەیە: ئەمیر خالید فەرەج، ئەمیر فەهید فەرەج، مالیک فەهید فەرەج، زەینەب محەمەد فەرەج.
سەبارەت بەو هێرشە کۆردیناسیۆنی خەباتی منداڵان لە ناوچەی جزیرە لە قامیشلۆ لە بەردەم ناوەندی دەستەی ژنان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، ڕاگەیەندراوەکە لە لایەن جولیا خەلۆ، وتەبێژی کۆمەڵەی ستێرک بۆ چاودێریکردنی مافەکانی منداڵان، خوێندرایەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: کوشتن، برینداربوون، ڕفاندن، توندوتیژی سێکسی دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی بەگشتی و منداڵان بەتایبەتی لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە بەردەوامە، لە ڕۆژی جیهانی ئاشتیدا، دەوڵەتی تورکیا جارێکی دیکە پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکانی پشتگوێ خست، چەتەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا هێرشیان کردە سەر گوندی ئەلموحسەنلی لە باکووری ڕۆژئاوای مەنبج چوار منداڵیان کوشت.
"با هاواری منداڵان و دایکان ببیسترێت"
جولیا خەلۆ وتی: وەک کۆردیناسیۆنی منداڵانی هەرێمی جزیرە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانمان بەتایبەتی دژی منداڵان شەرمەزار دەکەین، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە بەشدارن لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و منداڵان، بێدەنگییەکانیان بشکێنن و دەنگی ڕاستی و مرۆڤایەتی و هاواری منداڵەکانمان و هاواری دایکانمان ببیستن، دەبێت کۆتایی بەو هێرشانە بهێنن.