کوژرانی یوتوبەرێکی ئەفغانی گومانی تێوەگلانی تاڵیبان زیاد دەکات

هاوڕێیەکی هەورە سادات، یوتوبەری ئەفغانی پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەندامانی تاڵیبان چەند ڕۆژێک پێش کوشتنی زیندانییان کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتنی هەورە سادات، یوتوبەری ئەفغانی لە مانگی ئابدا بووە هۆی توڕەییەکی بەربڵاو لەناو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانداو پێیانوایە تاڵیبان دەستی هەبووبێت لە مردنیدا.

 

بەگوێرەی وتەی هاوڕێیەکی هەورە سادات، پێش ئەوەی لە ناوچەی هەژدەیەەمی کابوڵ بکوژرێت، ئەو لەلایەن تاڵیبانەوە زیندانی کراوە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ کارمەندێکی تاڵیبان کە لە پۆستەکەی لابرابوو.

 

بەگوێرەی شایەتحاڵەکان، دوای ٢٤ کاتژمێر لە زیندان ئازادکرا بەهۆی ئەوەی سەرۆکی ناوچە ئەمنییەکە ویستی هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، بەڵام وەڵامی داواکارییەکەی نەدایەوە و کوژرا، دوای کوژرانیشی دوو لە هاوڕێکانیشی بە تۆمەتی کوشتن دەستگیرکران.

 

ئاژانسەکەمان چەند جارێک هەوڵیدا پەیوەندی بە بنەماڵەی هەورە سادات بکات، بەڵام ڕەتیان کردەوە قسە لەگەڵ هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن بکەن، چونکە لەلایەن بەرپرسانی تاڵیبانەوە هەڕەشەیان لێکراوە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر تاڵیبان گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە کە نیشانی دەدات خوشکی هەورە سادات بەزۆر قسەی پێکراوەو وتوویەتی خوشکەکەی بەهۆی نەخۆشییەوە مردووە.

 

ئەوەی بەسەر هەورە سادات هات ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، ئەو یەکەم یان دوایین قوربانی دەستدرێژی سێکسی یان هاوسەرگیری بەزۆر نییە لەلایەن تاڵیبانەوە، چونکە زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووی کۆنترۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە پشتڕاست کراونەتەوە، ژنان ناچارکراون بەزۆر هاوسەرگیری بکەن و دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر و دەیان کەسیش قوربانی کوشتنی زنجیرەیی بوون بە بیانووی جۆراوجۆر.