کاردانەوە بەرامبەر بە هێرشەکان بەردەوامە؛ دەبێت تورکیا بووەستێنرێت
لە کاردانەوەکاندا دژ بە هێرشکردنە سەر کارمەندانی ژن تیڤی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، ڕاگەیەندرا، تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دژی مرۆڤایەتی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٢٣ی ئاب، لەسەر ڕێگای قامیشلۆ- عامودا لە نزیک گوندی تل شەعیر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک ئۆتۆمبێلی کارمەندانی ژن تیڤی بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا، کارمەندی ژن تیڤی، نەجمەدین فەیسەڵ گیانی لەدەستدا و پەیامنێر دەلیلا عەگید بریندار بوو. دوای هێرشەکان کاردانەوەکان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەستی پێکرد و ڕاگەیەندرا کە، دەوڵەتی تورکیا تاوان ئەنجام دەدات.
دیجلە عەتۆ، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری تەڤگەری ژنان، ڕایگەیاند، کە دەلیلا عەگید نەشتەرگەری بۆ کراوە و ئێستا لە ژێر چاودێری دایە.
"دەبێت تاوانباران دادگایی بکرێن"
شەریف مەسوور، ڕێکخەری بەرنامەی باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لیژنەی داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان، ڕایگەیاند، زۆر دڵتەنگن بەوەی نەجمەدین فەیسەل گیانی لەدەستداوە و ڕۆژنامەنووس دەلیلا عەگیدیش لە هێرشەکەدا بریندار بووە، پێویستە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە زووترین کات لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەم هێرشە دەست پێبکات و ئەوانەی بەرپرسیارن لەم کارە ئاشکرا بکرێن، تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
"تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار"
تەڤگەری ئازادی لە ڕاگەیەندراوی نووسراوی خۆیدا ڕایگەیاندووە، ئەم هێرشە لە ئەنجامی شکستی دەوڵەتی تورکیا بووە بەدەستی گەریلاکانی ئازادییەوە، "تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی کە دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکەدا ئەنجامی داوە، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، دەوڵەتی تورکیا ڕاستەوخۆ خەڵکی مەدەنی و ژنان دەکاتە ئامانج".
"بێدەنگی هێزە نێودەوڵەتییەکان پاساو بۆ تاوانەکان دەهێنێتەوە"
پلاتفۆرمی کردەوەی هاوبەشی بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تاوان ئەنجام دەدات و بێدەنگی هێزە نێودەوڵەتییەکان ڕەوایەتی بە تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەدات.
ژنان لە شاری ڕەقە ڕێپێوانیان کرد
هەروەها کۆمەڵەی ژنانی زێنۆبیە، پلاتفۆرمی کردەوەی هاوبەشی بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان، مەجلیسی ژنانی سوریا و نووسینگەکانی ژنانی پارتە سیاسییەکان، لە بەردەم کۆمەڵەی ژنانی زێنۆبیە لە ڕەقە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان خوێندەوە، تیایدا ئیدانەی هێرشەکانی دژی ئیدارەی خۆسەرییان کرد، ڕایانگەیاند، ئیدارەی خۆسەر پڕۆژەیەکی دیموکراتیکە و مافی هەموو قەوارەکان دەپارێزێت، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەموو ڕێککەوتن و بنەما نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات، پلاتفۆرمی کردەوەی هاوبەشی بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، کۆتایی بە بێدەنگی خۆی بهێنێت بەرامبەر بە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا.
هەروەها ناونەدی پێنی کوردی ئەو هێرشەی ئیدانە کرد و داوای لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کرد، فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە.