دۆخی مرۆیی سودان بەرەو کارەسات دەڕوات؛ ڕفاندنی ژنان زیادی کردووە

ڕووبەڕووبوونەوەکان لە سەرتاسەری سودان بەرفراوانتر بوون لەگەڵ چوونە ناو مانگی سێیەمی سودان و بە سەدان کوژراو و بریندار لەناو خەڵکی مەدەنیدا هەیە، جگە لە ئاوارەبوونی نزیکەی یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کاتێکدا کە دۆخی مرۆیی لە سودان بەرەو کارەسات دەڕوات، ژمارەی قوربانییەکان بەرز دەبێتەوە و هێشتا هێرشەکان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا توندتر دەبن.

 

ئەو ململانێیە پشێوی لە خەرتومی پایتەختی سودان دروستکرد و شەپۆلی نوێی توندوتیژی لە ناوچەی دارفور، کە ماوەیەکی زۆرە بەدەست ناکۆکییەوە دەناڵێنێت، زۆربەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، کارەبا و ئاوی داڕوخاندووە و کردەی تاڵانکردنیش بەربڵاو بووە.

 

تا ئێستاش زۆرێک لە خزمەتگوزارییە پزیشکییە سەرەتاییەکان بەردەست نین، بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی پزیشکی سودان، لە ٪٦٧ی نەخۆشخانەکان لە نزیک ناوچە جێناکۆکەکان خزمەتگوزاری تیادا پێشکەش ناکرێت، لە کۆی ٨٩ نەخۆشخانەی گەورە لە پایتەخت و ویلایەتەکان، ٦٠ نەخۆشخانەیان لە خزمەتگوزاری وەستاون،  لە کاتێکدا ٢٩ نەخۆشخانەیان بە تەواوی یان بەشێکی کاردەکەن و هەندێکیان تەنها خزمەتگوزاری پزیشکی فریاگوزاری پێشکەش دەکەن، بەڵام مەترسی داخستنیان لەسەرە بەهۆی کەمی ستافی پزیشکی، پێداویستی، ئاو و کارەباوە.

 

بەپێی ئامارەکانی سەندیکای پزیشکان، نزیکەی ١٧ نەخۆشخانە لەو ناوچانەی کە شایەتحاڵی شەڕەکە بوون بۆردومانکراون، هەروەها ٢١ نەخۆشخانە بە زۆر چۆڵکراون، هاوکات ١١ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن هێرشیان کراوەتە سەر.

 

لە ١٥ی نیسان و سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە، نزیکەی یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس ئاوارەبوون و بەرەو شوێنە سەلامەتترەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات هەڵاتوون، وەزارەتی تەندروستی سودان کوژرانی لانیکەم ٧٨٠ هاوڵاتی مەدەنی تۆمار کردووە، تائێستاش ژمارە ڕاستەقینەکان ڕانەگەیەندراون، بەو پێیەی هێشتا ژمارەیەکی زۆری تەرمەکان کۆنەکراونەتەوە و تۆماریان نییە، وەزارەتی تەندروستی فیدراڵی ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ٦ی حوزەیران، لانیکەم ٨٦٦ کەس کوژراون و زیاتر لە ٦ هەزار کەس لە سەرتاسەری وڵاتدا بریندار بوون.

 

هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لە زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی ڕەگەزی لە وڵاتەکەدا دەکەن، بەتایبەتی توندوتیژی سێکسی و ڕفاندن کە ژنان و کچان دەکەنە ئامانج.