ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە کوشتنی ژینا ئەمینیان ڕاگەیاند دادگایی دەکرێن

ڕۆژنامەنووسان نیلۆفەر حەمیدی و ئیلاها محەمەدی، کە یەکەم هەواڵی کوشتنی ژینا ئەمینیان بڵاوکردەوە، لە نۆیەمین مانگی دەستگیرکردنیاندا چوونە دادگا.

ناوەندی هەواڵ

 

نیلۆفەر حەمیدی، ڕۆژنامەنووس یەکەم کەس بوو کە ڕایگەیاند ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لەلایەن "پۆلیسی ڕەوشتی" لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراوە، هەروەها ئیلاها محەمەدی کە لە مەڕاسیمی پرسەکەیدا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"ی بە جیهان ڕاگەیاند، لە نۆیەمین مانگی دەستگیرکردنیاندا چوونە بەردەم دادگا.

یەکەم دانیشتنی کەیسی ئیلاها محەمەدی، پەیامنێری ڕۆژنامەی حەمامیهان لە ٢٩ی ئایار لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕش بە سەرۆکایەتی ئەبولقاسم سەلاواتی بەڕێوەچوو، دانیشتنەکە داخرا لە کاتێکدا پارێزەری ڕۆژنامەنووسەکە لە دادگا ئامادە بوو،  شەهاب میرلۆهی،. پارێزەرەکەی ڕۆژنامەنووس یەکەم دانیشتنی بە "ئەرێنی" هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند کە ڕۆژی دانیشتنی داهاتوو دیاری نەکراوە.

 

دانیشتنی دادگای نیلۆفەر حەمیدی ئەمڕۆیە

یەکەم دانیشتنی کەیسی نیلۆفەر حەمیدی، پەیامنێری ڕۆژنامەی شەرق ، کە دوای ٩ مانگ لە دەستگیرکردن دادگایی دەکرێت، لە هەمان لقی دادگای شۆڕشی تاران بەڕێوەدەچێت.

 

مینا ئەکبەری، ڕۆژنامەنووس لە میدیا دیجیتاڵییەکان ڕایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنی لەگەڵ بنەماڵەی ئیلاها محەمەدی لەبەردەم دادگا لە تاران کۆبوونەتەوە، لە کاتژمێر ٩:٤٠ خولەکی بەیانیدا بە ئۆتۆمبێلێکی جام ڕەس هێندرا، بەڵام ڕێگە بە هیچ کەسێک نەدرا لە ئۆتۆمبێلەکە نزیک ببێتەوە.