دەستگیرکردنی فاتمە مەقسوودی دایکی ئیدریس فەقیهی زیندانی سیاسی کورد

فاتمە مەقسوودی، دایکی ئیدریس فەقیهی زیندانی سیاسی کورد، بە هۆی دانیشتنی ناڕەزایەتی چەند ڕۆژە لە بەردەم ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ورمێ دەستبەسەر کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی سێشەممە، ٩ی ئایار، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، فاتمە مەقسوودی تەمەن ٦٧ ساڵ، دایکی ئیدریس فەقیهی زیندانی سیاسی کورد، کە ٢١ مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر و بێسەروشوێن کرا، بە هۆی دانیشتنی ناڕەزایی چەند ڕۆژە لە بەردەم ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێ دەستبەسەر کرا.

 

فاتمە مەقسوودی کە ماوەی ٢١ مانگە چارەنووسی منداڵەکەی نازانێت، تووشی نەخۆشییەکی دڵ بووە، دەستڕانەگەیشتن بە دەرمانەکانیش نیگەرانییەکانی لەبارەی تەندروستی دایکەکە زیاتر کردووە، بەپێی ڕاپۆرتەکەی تۆڕی مافی مرۆڤ، فاتمە مەقسوودی چووەتە دادگای بارەگای هەواڵی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی ورمێ و داوای زانینی چارەنووسی کوڕەکەی کردووە، بەڵام هێشتا وەڵامێکی ڕوونی نەدراوەتەوە.

 

ئەم دایکە تەمەن ٦٧ ساڵانە لە سێ ڕۆژ لەمەوبەرەوە لە بەردەم دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ورمێ دانیشتووە و سەبارەت بە چارەنووسی کوڕەکەی داوای وەڵام دەکات.

 

لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە بەردەم بینای ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێ کۆبوونەوە و خوازیاری زانینی بارودۆخ و چارەنووسی ناوبراو بوون، بەڵام ئاسایش و دەزگاکە گرنگییان بە داواکاری ئەم بنەماڵەیە، فاتمە مەقسوودی وەک نیشانەی ناڕەزایەتی ویستی ئاگر لە جەستەی خۆی بەربدات، لەگەڵ چەند ئەندامێکی دیکەی بنەماڵەکە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر کران، دواجار ئازاد کران بە مەرجی ئەوەی بەڵێن بدەن جارێکی تر لەبەردەم بینای دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کۆنەبنەوە.

 

فاتمە مەقسوودی لە ٢٠ەمین مانگی دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی کوڕەکەیدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و وتی: کوڕەکەم ماوەی ساڵێکە لە زیندانی ورمێ زیندانی کراوە، دەچمە دەزگای ئیتلاعات، بۆ دادگا، و بۆ زیندان ، بەڵام وەڵامێکی ڕوونم پێ نادەن، هەندێک جار دەڵێن لێرەیە، هەندێک ڕۆژ دەڵێن لێرە نییە، دەڵێن بڕۆ ئێمە تەلەفونت بۆ دەکەین، چاوەڕوان بە! ئیتر بەرگەی ئەم دۆخە سەختە ناگرم، هیچ هێزێکم نەماوە، من نەخۆشی دڵم هەیە و داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەم کوڕەکەم بۆ بدۆزنەوە.