"نەتەوە یەکگرتووەکان نابێت بنەمای ناسینەوەی ڕژێمێکی تیرۆریستی بێت"

چالاکانی سیاسی و ڕۆشنبیران و ئەکادیمیەکانی ئەفغانستان لە نامەکانیاندا بۆ گۆتێرێس خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەی دۆحە لەگەڵ نوێنەرانی تایبەتی وڵاتان بۆ ئەفغانستان بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

٨١ چالاکی سیاسی و ڕۆشنبیر و ئەکادیمی ئەفغانستان کاردانەوەیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەی دۆحە لەگەڵ نوێنەرانی تایبەتی وڵاتان بۆ ئەفغانستان نیشاندا و ئاماژەیان بەوەدا، کە تاڵیبان بە دەستکەوتی سیاسی ناگۆڕێت، هەروەها دژایەتی خۆیان بۆ هەر پلانێکی سیاسی ڕاگەیاند، کە ئامانجی تایبەتی دانانی زەمینەسازییە بۆ دانپێدانانی نێودەوڵەتی تاقمی تاڵیبان.

 

هەروەها ڕایانگەیاند: لە دوای گەڕانەوەی نایاسایی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بە شێوەیەکی سیستماتیک مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤی زیاتر لە ٣٠ ملیۆن هاوڵاتی ئەفغانستانیان پێشێل کردووە و ژنانیش کە لانیکەم نیوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن، دوورخراونەتەوە لە گۆڕەپانی گشتیدا.