"یەپەژە هێزێکە کە بوونی ژن دەپارێزێت"

یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە ڕۆژئاوا، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، یەکەم هێزی سەربازییە بۆ ژنان کە بەرگری لە ژنان و ماف و بوونیان لەناو کۆمەڵگەدا دەکەن.

نورشەن عەبدی

 

کۆبانێ- دایکانی شەهیدان لە کانتۆنی کۆبانێ، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ستایشی ئەو ژنانەیان کرد کە پەیوەست بوونی خۆیان بە ڕیزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژەوە ڕاگەیاندووە، کە لە ٤ی نیسانی ٢٠١٣ دامەزراوە.

 

"یەپەژە ناسنامەی هەموو ژنێکی زوڵم لێکراوە"

سەمیرە ئەحمەد، دایکی شەهید "ژین کانیا کوردان" کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە گوندی زور مەغاری ڕۆژئاوای شاری کۆبانێ گیانی لەدەستداوە، ئاماژەی بەوەکرد، "لە سەروبەندی پیرۆزبایداین لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، ڕۆژی ناسنامە و ئامادەبوونی ژنانی کورد، ئەو هێزەی کە پارێزگاری لە ژنان و کۆمەڵگە و مافەکانیان دەکات، بەمجۆرە ژنی کورد بووەتە نموونەی خەبات و بەرەنگاربوونەوە لە هەموو جیهاندا، لە سەردەمی بەرخۆدانی کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤ و لەکاتی هێرشی بەکرێگیراوانی داعش بۆ سەر شارەکە، ژنانی کورد ڕادەی هێز و توانای خۆڕاگری و چۆنیەتی پاراستنی زەوی و زاری خۆیان بۆ هەموو جیهان سەلماند، کە شایەتحاڵی قوربانیدانی زۆرێک لە ژنە خەباتکارەکان بوون لە ڕیزەکانی یەپەژەدا، لە سەردەمی شەڕی کۆبانێدا، من بەشێک بووم لەم بەرخۆدانە و یەکێک بووم لە شایەتحاڵەکانی بەرخۆدان و هێز و قوربانیدانی ئەو خەباتکارانەی لەو سەردەمەدا گیانیان بەخت کرد بۆ سەرکەوتنی کۆبانێ.

 

"سوپای ژنان یەکێک بوو لە گرنگترین دەستکەوتەکانی شۆڕشی کۆبانێ"

سەمیرە ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتێک ناوی یەپەژە دەهێنرێت، یەکسەر بیر لە سەرکەوتن و جلوبەرگە سەربازییە جوانەکانیان دەکەمەوە کە نوێنەرایەتی هێز و ئیرادەیان دەکەن لە هەموو شەڕێکدا، هەر لەبەر ئەم هۆکارە، یەپەژە سەرچاوەی هێز و سەرکەوتنن بۆ ژنان لە هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا،  ئەوان ئەو هێزانەن کە بەرگری لە ناسنامەی ئێمە دەکەن، لە چوارچێوەی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا، ژنان توانیان دەستکەوتی زۆر بەدەستبهێنن، لەسەر هەموو ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و سەربازیەکاندا، بۆیە سوپای ژنان یەکێک بوو لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشە.

 

"یەکینەکانی پاراستنی ژنان ژنانیان لە کۆبانێ تا باغوز ئازاد کرد"

نەجاح محەمەد، دایکی شەهید دەلال ئامەد، کە لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی دێرەزوردا گیانی لەدەستدا، وتی: پیرۆزبایی دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە هەموو ئازادیخوازان دەکەین کە ژیانی خۆیان لەپێناو ئازادی خۆیان و ئازادی وڵاتەکەیان بەختکرد، ئەمڕۆ ئێمە لە سایەی خوێنی شەهیدان بە سەلامەتی و ئازادانە لە ناوچەکەمان و خاکەکەماندا دەژین، شانازییان پێوە دەکەین، بە قوربانیدانەکانیان و هێزی ئەوان شکست بە بەکرێگیراوانی داعش هێنرا.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە یەپەژە گەورەترین سوپایە بۆ ژنان لە جیهاندا، ئەو ژنە تێکۆشەرانەی شەو و ڕۆژ لە دژی دوژمن شەڕیان کرد، بۆ جیهانیان سەلماند کە ژنانی کورد هێزی ڕاستەقینەیان هەیە و توانای ئەوەیان هەیە ڕووبەڕووی هەموو شتێک ببنەوە بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبهێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "متمانەیەکی زۆرمان بە شەڕڤانانی یەپەژە هەیە و دەتوانن لە هەر هێرشێک بمانپارێزن، وەک چۆن لە کۆبانێ ڕووبەڕووی هێرشی بەکرێگیراوانی داعش بوونەوە، یەکینەکانی پاراستنی ژنان بە خۆڕاگری و خەباتی خۆیان، جیهانیان لە خەباتی ژنانی کوردی ئەو شارە ئاگادار کردەوە کە داستانی قارەمانێتی مێژوویی تێدایە".