لە ئێران ڕەشنووسی یاسای نوێی حیجابی زۆرەملێ سزای ژنان زیاتر دەکات

ڕاگەیەندراوە، کە یاسای نوێی حیجابی زۆرەملێ پێشکەش بە ڕژێمی ئێران کراوە، لە ڕەشنووسەکەدا سزاکانی وەک سوتاندنی مۆڵەتەکان و پاسپۆڕتی ژنان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕژێمی ئێران بە ئامانجی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکانی گەل لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، درێژە بە سیاسەتەکانی خۆی دەدات.

 

حوسێن جەلالی، پەرلەمانتاری ئێران ئاماژەی بەوەکرد پڕۆژەی یاسای پاکی و حیجابیان ئامادەکردووە و پێشکەشی ڕێبەری ئاینی ئێران و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە، حوسێن جەلالی ڕایگەیاند کە پڕۆژە یاساکە لە ئاکامی چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجومەنی شۆڕشی ڕۆشنبیری و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئامادەکراوە.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتووە لە پرۆژە یاسای حیجابدا چەند سزایەک بۆ ئەو ژنانە زیادکراوە، کە پابەندی سەپاندنی حیجاب نین، سزاکان بریتیین لە سزای ٥٠٠ هەزار بۆ سێ ملیار تمەنی ئێرانی و سوتاندنی مۆڵەت و پاسپۆرتی ژنان.