ژنانی باکووری کوردستان لەگەڵ ژنانی باشووری کوردستان کۆبوونەوە

شاندی پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنانی کورد لە باکووری کوردستان لە درێژەی سەردانەکەیاندا ئەمڕۆ لەگەڵ ژنانی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، یەکێتی ژنانی کوردستان و ڕێپاک کۆبوونەوە.

سلێمانی

 

شاندی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد لە باکووری کوردستان، ماوەی دوو ڕۆژە لە شاری سلێمانی درێژە بە سەردانەکانیان دەدەن و پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ ژنانی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، یەکێتی ژنانی کوردستان و ڕێپاک کۆبوونەوە و دروستکردنی یەکێتی ژنانی کوردستانیان کردە مژاری سەرەکی گفتوگۆکانیان.

 

ژنانی سۆسیالیست: لە مێژووەوە تا داهاتوو پاڵپشتی پرسی نەتەوەی و ژنان دەکەین

ڕێکخراوی گەشەپێدانی ژنانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست و ئاماژەیان بە ئامانجی شاندەکە کرد، پەخشان محەمەد، سەرۆکی یەکێتی ژنانی پارتی سۆسیالست دیموکرات، ڕایگەیاند، کە پێکهێنانی پلاتفۆرمێکە لە چوار پارچەی کوردستان و کوردانی تاراوگە کە کار لەسەر پرسە نیشتیمانییەکان و پرسەکانی ژنان بکات، هەروەها ئامادەیی خۆیان بۆ کاری هاوبەش ڕاگەیاند و وتیان: وەک هەمیشە ژنانی سۆسیالیست پاڵپشتی ئاشتی و پرسەکانی ژنان بوون.

 

یەکێتی ژنانی کوردستان: کۆبوونەوەی ژنانی چوار پارچە خاڵێکی ئەرێنییە بۆ ئامانجەکانی ژنی کورد

دوابەدوای ئەوە، شاندەکە لەگەڵ یەکێتی ژنانی کوردستان کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی داگیرکاری و توندوتیژییەکانی سەر ژنان کرد، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سەیوان ڕۆستەم ئاماژەی بەوەدا، ئامانجی سەرەکیان پێکهێنانی ئاشتی و بەرەوپێشچوونی پرسەکانی ژنانە، وتیشی: کۆبوونەوەی ژنان و ناسینیان لە نزیکەوە دەبێتە هۆکارێک بۆ ڕێکخستنی ئامانجەکانمان، چونکە لە ڕێی نزیکایەتی یەکترەوە ژنان دەتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن و بگەنە خاڵێکی پڕ لە ئومێد دەربارەی پرسی نیشتیمانی و ژنان.

 

ڕێپاک: ڕەوشی سیاسی نابێت کار لە دۆخی یەکڕیزی ژنان بکات

لە درێژەی سەردانییەکەیاندا پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنانی کورد لە باکووری کوردستان سەردانی ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد-ڕێپاکیان کرد، تیایدا ئامانجی خۆیان بۆسەردانیکردنی ژنانی باشووری کوردستان خستەڕوو، ئاماژەیان بەوەکرد، ئامانجی سەرەکیانە بە شۆڕشی ژنی کورد یەکێتی ژنان بێتە بەرهەم، "تا ئێستا چەند هەوڵدراوە بۆ ئەو مەبەستە بە تەواوی جێگەی خۆی نەگرتووە، بۆیە هەوڵدەدەن لە ڕێی ئەم سەردانیکردنەوە یەکێتی ژنان بگەیەننە لوتکە.

 

شیلان شاکر، ئەندامی ڕێپاک، پێشوازی لە شاندەکە کرد و ڕوونیکردەوە، خەباتی ژنانی کورد لە باکووری کوردستانەوە سەری هەڵداوە، بە جۆرێک ئەو شۆڕشەی ئێستا لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەرپا دەکرێت، هەڵقوڵاوی بیری ژنانی باکوورن، گرنگە ئەم بیرکردنەوەیەش لە باشوور پەیڕەو بکرێت، لەپێناو یەکڕیزی ژناندا.