لە پانێڵێکدا ئاماری توندوتیژی و کاریگەری ڕاگەیاندنەکان خرایەڕوو

لە پانێڵێکدا ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان خرانەڕوو، کە تەنها لە ١٠ مانگی ٢٠٢٢دا ٣٢٩١ حاڵەتی توندوتیژی هەبووە، هەروەها تیشک خرایەسەر کاریگەری میدیا و ڕاگەیاندن لە باشوور کە بوونەتە هۆکار بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی ئوتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان بە هاوکاری ڕێکخراوی UNHCR و سەنتەری جێندەری لە زانکۆی سلێمانی، دیدارێکی تایبەتیان بە ناونیشانی "کاریگەری ڕاگەیاندن لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی" ڕێکخست.

 

لە دیدارەکەدا مامۆستا، پارێزەر، چالاکوانان، نوێنەرانی پۆلیسی سلێمانی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان بەشداربوون، سەرەتای دیدارەکەش بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی قوربانیانی توندوتیژی دەستیپێکرد.

 

دوعا بەیاد سەرپەرشتیاری بەشی پاراستن لە ڕێکخراوی UNHCR وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ئێمە ئامانجمانە لە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە توندوتیژی لە هەموو کۆمەڵگە و تاکێکدا نەهێلین، ئەمەش لە ڕێی میدیاوە دەتوانین بەدەستیبهێنین، چونکە ڕۆڵی گرنگی هەیە لە کۆمەڵگەدا.

 

"داتاکان دەیسەلمێنن توندوتیژی لە خێزاندا ڕێژەکەی بەرزە"

لە پانێڵێکدا سەمیرە محەمەد، مامۆستای زانکۆ بابەتێکی بە ناونیشانی "خوێندنەوەیەکی ئاماریانە بۆ ڕووداوەکانی توندوتیژی لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٢" پێشکەشکرد و ئامارەکانی توندوتیژی لە جۆری توندوتیژی خێزانی، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، بڵاوکردنەوەی وێنە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، هەڕەشەی کوشتن، جیابوونەوە، زامدارکردن، بەزۆر بەشودان تا ٣٣ جۆر کێشەی جیاواز لە ناو خێزانەکاندا لەخۆگرتبوو.

 

داتاکان ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ لەخۆ دەگرێت لەگەڵ ١٠ مانگی ٢٠٢٢، زۆرترین جۆری کێشەکان لە ناو خێزانەکاندا بریتین لە توندوتیژی خێزانی، کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا بریتییە لە ٢٣٨٣، ساڵی ٢٠٢١دا ٩٩٦ و ساڵی ٢٠٢٢ دا ٦٧٥.

 

بڵاوکردنەوەی وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ساڵی ٢٠٢٠ بریتییە لە ٢٥٨٦، ساڵی ٢٠٢١دا ٢٥٢٧، ٢٠٢٢ بریتییە لە ٢١٢١.

ئامارەکان بەپێی ساڵەکانی ٢٠٢٠-٢٠٢١-٢٠٢٢ بەمشێوەیەیە؛

خەڵەتاندن، ١٩٦ - ٩٨ – ٨٠

ناپاکی هاوسەری ١٣١ - ٧٣ – ٦٨

هەڕەشە کردن ٢٢٠ - ٢٩ – ٣١

کوشتن و سوتان ٢٠ - ٦١ – ٤٩

لێدان ١٨٤ - ٩٩ – ٦٧

 

کۆی گشتی هەموو توندوتیژییەکان لە ساڵی ٢٠٢٠دا بریتییە لە ٦٢٠١، ساڵی ٢٠٢١ بریتییە لە ٤١٠٦ و بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بریتییە لە ٣٢٩١.

سکاڵاکردن لە ساڵی ٢٠٢٠دا لەلایەن ژنانەوە بریتی بووە لە ١٤٧٨، پیاوان ٩٧٠، لە ساڵی ٢٠٢١ ژنان بریتی بوون لە ٢٠٩٧، پیاوان ١٠٨٢، ساڵی ٢٠٢٢ سکاڵای ژنان ٢٠٣٤ و پیاوان ١٠٨٠ بووە.

 

پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرم ١١٩ ساڵی ٢٠٢٠ بریتی بووە لە ٦٦٨٦، ساڵی ٢٠٢١ بریتی بووە لە ٤٦٤٨، لە ١٠ مانگی ساڵی ٢٠٢٢دا ٣٨٦٨ بووە.

 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە ڕێگەخۆشکەر بۆ زیادبوونی توندوتیژی

تەلار کەمال لە ڕێکخراوی DHRD دەربارەی "توندوتیژی لە ڕێگەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن نمونەیەک لەناو پەنابەران و خانەخوێ" پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا ساڵانە توندوتیژییەکان لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕوو لە زیادبوونە، کە تیایدا هاوڵاتیان ناهۆشیارانە ئەم ئامێرانە بەکاردەهێنن، کە توندوتیژی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

 

ڕوونیشیکردەوە هێندەی ڕووداوەکان ڕوو لە زیادبوونە، چارەسەرکردنی کێشەکان کەلە ڕێی ئامێرە ئەلەکترۆنییەکانەوە بووە، چارەسەر نەکراوە، بەپێی ئامارەکان کە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ تا مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ کۆکراوەتەوە، ٤١٨ کەیس هەبوون کە ٣٧٤ ژنان بوون و تەنها ٤٤ پیاوان بوون لە ڕێی ئامێرەکانەوە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە.

 

"بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی توندوتیژی و کوشتن دەبێت بۆ هۆشیاری بێت"

کوردە ئەحمەد، کۆمەڵناس، ئاماژەی بەوەکرد بابەتی خێزانی پرسێکی گرنگە لە کۆمەڵگەدا بەتایبەت ئەگەر باس لە توندوتیژی خێزانیش بکرێت، ئەوەی بەدی دەکرێت زیادبوونی توندوتیژییەکانە لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کە بوونەتە هەڕەشەیەک بۆ سەر ژنان و زیادبوونی توندوتیژییەکان.

 

وتیشی: ئەوەی لەم چالاکییەدا بە خاڵێکی نەرێنی دەبینرێت بەشدارینەکردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕاگەیاندنەکانە لە کاتێکدا دەبوو ڕاگەیاندنەکان بەشداربن و کەموکورتیەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵام بەشدارینەکردنیان دەیسەلمێنێت ڕاگەیاندن و میدیا نایەوێت هەنگاوی باشتر بنێت.

 

لە کۆتاییدا ئەوەی ڕوونکردەوە کە بنچینەی تەواوی توندوتیژییەکان بۆ سەر ژنان لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری چەق بەستوو، کە چەندین ساڵە دژی ژن کار دەکات و توندوتیژییەکان بەهۆیەوە زیاد دەبێت.