ئەنجامنامەی کەنەکە؛ پێویستە خەباتی گەل و بەتایبەت ژنان پتەو بکرێت

دوای تەواوبوونی ٢١ەمین کۆنگرەی گشتی کەنەکە، ئەنجامنامەکەی بڵاوکرایەوە و سەبارەت بە دۆخی داگیرکارییەکانی سەر کوردستان و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان گفتوگۆ کرا و ڕێگەچارەسەر بۆ دۆخی گەنجان و ژنان خرایەڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە لە ڕۆژانی ٢-٤ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بە بەشداری زۆرینەی ئەندامانی ٢١مین کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی لە هۆڵەندا ئەنجامدا، لەگەڵ ئەندامانی کەنەکەدا، چەندین میوانی دیکە لە ئاستی سەرۆک و بەڕێوەبەری حزب و دامەزراوەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد، هەندێک لە میوانانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و ڕووسیا بەهۆی دۆخی هەییەوە نەیانتوانی ڕاستەوخۆ ئامادەبن و لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بەشداربوون.

 

لە کۆنگرەکەدا باس لە کار و پلانەکانی یادی ١٠٠ ساڵەی پەیمانی لۆزان کرا، لەدوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆکان و ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەر و کۆتایی هاتنی کۆنگرەکە، ئەنجامنامە بۆ ڕایگشتی بڵاوکرایەوە و تێیدا باس لەوەکرا کە لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا بە هەموو هێزی خۆیەوە هەوڵی قڕکردنی گەلی کورد و پێکهاتە کوردستانییەکان دەدات و پێویستە هەموو کورد بزانن دەوڵەتی تورکیا شەڕی هه‌بوون و نەبوون لەگەڵ کورد دەکات.

 

لە ئەنجامنامەکەدا گرنگترین خاڵەکان سەبارەت بە ژنان و باشووری کوردستان بەمشێوەیەیە؛

-باس لە پلانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان کرا، کە ئەگەر هێرشەکانی سەرکەوتوو بێت، پلانی داهاتووی داگیرکردنی باشووری کوردستانە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ١٠٠ بنکە و بارەگای سەربازی و سیخوڕی خۆی باشوور داناوە و بەردەوامیش هێرشەکانی بۆ سەر چیاکان چڕ دەکاتەوە.

 

- لە باشووری کوردستان قەیرانێکی گەورەی ئابووری هەیە، سیستەمی ئابووری باشوور هۆکارێکە بۆ ئەوەی ژمارەیەکی کەم، زۆر دەوڵەمەند بن لەکاتێکدا زۆرینەی کۆمەڵگە هەژار دەبن، قەیرانی ئابووریش هۆکاری قەیرانی کۆمەڵایەتییە. بەهۆی ئەم دۆخەوە خەڵکێکی زۆر ئازار دەچێژن، و موحتاجی كه‌سانێكی خراپ ده‌بن و ئەخلاقی کۆمەڵگەش لە ناو دەچێت، ئه‌مه‌یش دەبێتە هۆی نەخۆشی دەروونی و خۆکوشتن، جگە لەوەش ئەم دۆخە دەبێتە هۆی کۆچی خەڵک لە باشوورەوە بۆ ده‌ره‌وه‌ی و‌ڵات، دەوڵەتی تورکیا ئەم دۆخە دەکاتە دەرفەتێک و دەیەوێت کوردستان بەتاڵ بکاتەوە، لەم ڕووەوە دەوڵەتی تورکیا بە چەته‌ و قاچاخچیەکانیەوە هەنگاو دەنێت و لەگەڵ هاوكاره‌كانی گەنجان دەکاتە ئامانج.

 

-بە تایبەتی کۆچی گەنجان لە باشوور لە ئاستێکی بەرزدایە و مەترسیدارە، دۆخی ژنان لە باشوور بە گشتی باش نییە، پڕۆژەی حكومه‌ت بۆ پرسی ژن و پەرەپێدانی ئازادی ژنان کەم هەیە، تەنانەت مرۆڤ دەتوانێت بڵێت حکومەت هیچ پڕۆژەیەکی لەم بوارەدا نییە، کوشتنی ژنان لە باشوور برینێکی ڕەش و زۆر قووڵی کۆمەڵایەتییە.

 

- پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق له‌ ئاستی پیویستدا نییه‌، کێشەی نەوت و بودجە چارەسەر نەکراوە. کێشەی گەورەی ناوچەكانی ماده‌ی ١٤٠ به‌ هه‌ڵواسراوی ماوه‌. دۆخی گەلەکەمان زۆر خراپە، بەتایبەت لە کەرکوک، ناوچەی گەرمیان و بە گشتی لە هەموو ناوچە دابڕاوه‌كان. هێرش دەکرێتە سەر خەڵک و ماڵ و موڵکیان تاڵان دەکرێت و دانیشتوانی کورد ئاوارە دەبن، ناوچەکە بەگشتی ته‌عریب کراوە و هه‌تا دێت ئەم دۆخە جددیتر وئاڵۆزتر دەبێت.

 

-لە درێژەی کۆنگرەکەدا بارودۆخی شه‌نگال و بارودۆخی گشتی باوەڕمه‌ندانی ئێزدیش تاوتوێ کرا، دۆخی کوردانی شه‌به‌ک و کاکەیی خرایەڕوو کە زۆر خراپە و هاوشێوەی ئێزدیەکانە، باس لە کوردانی فەیلیش کرا، کە لە زۆر ناوچەدا لەژێر فشار و هێرشدان و به‌تایبه‌تی لەژێر هێرشی ئاسمیلاسیۆنێکی گەورەدان.

 

-هەروەها باس لە کوردانی خۆراسان و باوەڕمەندانی یارسان کران کە وەک هەموو کەمە نەتەوە و ئاینەکانی دیکە لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندان، باس لە گەلانی ئاشووری-سوریانی و کلدانی کرا کە هەمیشە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، ڕەوشی کوردانی ئەنادۆڵیای ناوەڕاست، کوردانی وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو تاوتوێ کران.

 

لەکارنامەی کۆنگرەدا پێگەی ژنان

- هەروەها پێگەی ژن لە کارنامەی كۆبوونه‌وه‌ی  ٢١مین جڤاتی گشتی كه‌نه‌كه‌دا جێی گرتبوو. نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان چالاکانە بەشدارییان لە کۆبوونەوەی گشتیدا کرد و بە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەکانیان کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەندتر کرد. هەرچەندە بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان پەرەی سەندووە و ژنی كورد لە دامودەزگاکانی کوردستاندا جێگەی خۆی لە ئاستی باڵادا هەیە، بەڵام کێشەی ئازادی ژنان لە وڵاتی ئێمەدا وەک وڵاتانی دیکەی جیهان چارەسەر نەکراوە. گەشەسەندنی بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان جێگای شانازییە و لەسەر ئاستی جیهان دەنگی داوەتەوە. بەڵام مەسەلەکە گەورەیە، ڕێگاو میتۆدەکە قووڵ و درێژە. دەبێت عەقڵیەتی هەزاران ساڵە بگۆڕدرێت.

 

ژنانی ئەندامانی کەنەکە داوایان کرد کە ژمارەی ژنان لە پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان زیاد بکرێت، ژنان لەسەر هێنانە کایەی پیاوسالاری لە سیاسەتی کوردیدا ڕەخنەیان لە لایەنە سیاسییەکان گرت، بە تایبەتی داوا لە لایەنە سیاسییەکان کرا کە ئاستەنگەکانی بەردەم بەشداری ژنان لە خه‌باتی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی لاببەن، بۆ ئەوەی گفتوگۆ و چارەسەرەکان سەبارەت بە یەکێتی نەتەوەیی بە بەشداری ژنان بەهێزتر بکرێن.

 

لە کۆتاییدا ئاماژە بەوەکرا کە، لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا ئەگەر بتوانین باشتر خۆمان ڕێکبخەین و یەکڕیزیمان پتەوتر بکەین، دەتوانین پێگەیەکی هەمیشەیی بۆ هەموو کوردستان دروست بکەین. هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە هەموو هێز و لایەن و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانمان و هەروەها هەموو گەلەکەمان لە سەرتاسەری وڵات و لە هەر شوێنێک بژین، باشتر یه‌كبگرن، ئاكاری نەتەوەیی ونیشتیمانی بەهێزتر و گەورەتر بکەن، بەم شێوەیە دەتوانین هەموو پلان و پڕۆژەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر لە دژی کوردستان لەناو ببەین.

 

لە کۆتایی ئەنجامنامەکەدا هاتووە، "كات، کاتی یەکگرتنە. کاتی ئەوە هاتووە بەرەنگاری داگیرکاری ببینەوە. کاتی ئازادییە. کاتی کارکردنە".