"تیرۆرکردنی ناگیهان لە کاتێکدایە ژنان پێشەنگی ڕاپەڕینن بۆ ئازادی"

پەیامنێرانی بێسنور، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا، تیرۆری ناگیهان ئاکارسەل لە کاتێکدایە کە ژنان پێشەنگایەتی ڕاپەڕین بۆ ئازادی دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ڕۆژنامەوان و چالاکی تێکۆشانی ژنان، لە ٤ی تشرینی یەکەمدا لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، دەنگدانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەلی شەرمەزار کرد.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی پەیامنێرانی بێسنوردا باس لەوەکراوە کە ئەمە پێنجەمین هێرشە لە باشووری کوردستان لە ساڵێکدا دژی کەسایەتی و چالاکوانانی کورد، کە ڕەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرن، ئەنجام دەدرێت.

 

نوسینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوەکە دەشڵێت، ڕۆژنامەوان و نووسەری فیمینیستی کورد ناگیهان ئاکارسەل لە پرۆسەیەکی وەهادا کوژرا کە ژنانی کورد پێشەنگی ڕاپەڕین بۆ ئازادی ژنان دەکەن ئێمە ئەو هێرشە بە توندی شەرمەزار دەکەی.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەریمەکە کراوە ڕووداوەکە ڕوون بکەنەوە و بکوژەکان دادگایی بکەن و دادپەروەری لە دژی بکوژانی ئاکارسەل بەدیبهێنن.