ڕاوای ئەفغانی: لە دۆزەخەوە کە پێی دەوترێت ئەفغانستان، تا گەلی یاخیبووی ئێران

کۆمەڵەی ژنانی شۆڕشگێڕی ئەفغانستان داوای لە هەموو ژنان کرد کە بەشداری تێکۆشانی هاوبەش دژی کوشتنی ژینا ئەمینی بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

 دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە، کاردانەوەی ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنان لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەردەوامە.

 

کۆمەڵەی ژنانی شۆڕشگێڕی ئەفغانستان-ڕاوا پەیامێکی پشتیوانی لە ژنان سەبارەت بە کوشتنی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە. له‌ په‌یامه‌كه‌یدا هاتووە، "پێویسته‌ خه‌باتی ژنان به‌رامبه‌ر دوژمنی گەورە ڕادیكاڵ و له‌ دژی هێزه‌كانی پیلانگێڕ و پارێزه‌ری تاوانباران یه‌كگرتوو بێت".

 

"ئازاری تۆ ئازاری ئێمەیە"

ڕاوا لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە ژنان بە یەکڕیزی شەڕ بکەن و وتی: کاتێک کە هێماکانی شەڕ و بازرگانان دەهێنرێتە خوار و لادەبرێت، دەتوانرێت بڵێین قارەمانێتی ژنان بەرهەمدار دەبێت. پشتیوانیی خۆمان بۆ تەڤگەری ئازادیی ئێران دەردەبڕین و دەڵێین باوەڕمان بە سەرهەڵدانی گەل و بەتایبەت ژنانی ئێران لە بەرزترین ئاستدایە، کە ئەم ڕژێمە خوێناوی و چەپەڵەی 'وێلایەت فەقیح' شکست پێدەهێنن، لە دۆزەخی بە ناوی ئەفغانستانەوە سڵاوی بێکۆتایی خۆمان بۆ گەلی یاخیبووی ئێران دەنێرین و دەڵێین ئازاری تۆ ئازاری ئێمەیە.