سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بوونی زمانی کوردی دەکاتە مەرج

زمانی کوردی لە ڕاگەیەندراوی تەندروستی کەرکوکدا لادەبرێت و دیوانی سەرۆکایەتی کۆماریش دەڵێت پێویستە دامەزراوەکان بەپێی دەستووری عێراق مامەڵە بکەن و زمانی کوردی فەرمییە لە عێراقدا.

ناوەندی هەواڵ

 

فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک لە ٢٤ی ئابدا لە نووسراوێکدا بڕیاریدا هەموو مۆڵەتێکی تەندروستی بۆ دوکان و شوێنە گشتییەکان و کارگە و ناوەندەکان بە زمانی عەرەبی بێت، ئەمە ناڕەزایەتی کوردانی دانیشتووی کەرکوکی لێکەوتەوە و دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقیش داوایەک ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی فیدراڵ دەکات کە پابەند بن بە دەستووری عێراقەوە.

 

لە نووسراوە فەرمییەکەی دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاماژە بەوەکراوە کە ژمارەیەک هاوڵاتی لە کەرکوک داواکارییەکیان ئاڕاستە کردوون تایبەت بە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە نوسین و دەركردنی بەڵگەنامە فەرمییەكاندا، بۆیە دەبێت وەزارەتەکە پابەندی دەستووری عێراق بێت.

 

لە نووسراوەکە هاتووە، عێراق وڵاتی نەتەوە و پێکهاتە ئاینییە جیاوازەکانە و ماددەی ٤ی دەستووری عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمین لە وڵاتدا، هەروەها پێکهاتەکانی دیکەش لەوانە تورکمان، سریان و ئەرمەن مافی ئەوەیان هەیە لە ناوچەکانیاندا بە زمانی دایک بخوێنن و لە فەرمانگەکانی ناوچە ناوخۆییەکانیاندا دەتوانن بە زمانی خۆیان کارەکان ڕایی بکەن.

 

بەم پێیە دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق وەزارەت و دامەزراوەکان پابەند دەکات بە مامەڵەکردن بەپێی دەستووری عێراق کە زمانی کوردی تێیدا زمانی فەرمی وڵاتە.