ژنێک لە خانەقین بەهۆی سوتانەوە گیانی لەدەستدا

ژنێکی ٣١ ساڵ لە خانەقین بەهۆی سوتانەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە و دوای چەند ڕۆژێک بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتانەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، لە شارۆچکەی خانەقینی سەر بە پارێزگای دیالە، ژنێکی تەمەن ٣١ ساڵ، دەرچووی زانکۆ و دانیشتووی گەڕەکی سیروان بەهۆی سوتانەوە گیانی لەدەستدا، لێدوانی ئاسایشی نەخۆشخانەی گشتی خانەقین، ڕووداوەکە ڕۆژی ٣ی مانگ بووە، ژنەکە کاتێک هێنرایە نەخۆشخانە ڕێژەیەکی زۆری جەستەی سووتابوو.

 

ئاسایشی نەخۆشخانەکە ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی وتەی کەسوکارەکەی کە لەگەڵیدا بوون، ژنەکە لەناو باخچەی ماڵەکەیاندا چیشتی لێناوە و لە تەنیشتی بەنزین هەبووە و گڕی گرتووە و جەستەی ژنەکە سووتاوە.

 

هەروەها وتیشی: ژنەکە وتەی لێوەرگیراوە و سکاڵای لەسەر کەس نەبووە، بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتانەکەی کە سەرووی ٪٧٠ بووە، دوای چوار ڕۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانەی دیالە، ٦ی مانگ گیانی لەدەستدا.

 

ڕووداوەکانی کوشتن و سوتانی ژنان لە ژێر پەردەی زانیارییە شاراوەکاندا ون دەکرێن، کوشتنەکانی ژنان بە ناوی شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتی و بەشێکیان بۆ خۆکوشتن دەشاردرێنەوە، ڕووداوەکانی خۆسوتاندنی ژنانیش لەژێر پەردەی تەقینەوەی غاز و بەنزین و ئاگر کەوتنەوەدا بێدەنگەیان لێدەکرێت تا تاوانبار و هۆکارەکانی پشتیان لە سزا دەربازیان بێت، بەپێی ئەو دەنگۆیانەی لە نزیک ڕووداوەکەوە هەن، ژنە ٣١ ساڵەکە بە ناوی "ش. ف." هۆکاری کێشەی خێزانی بووەتە پاڵنەری خۆسوتاندنی.

 

جێی بەبیرهێنانەوەیە ڕووداوێکی خۆکوشتنی ژنێکی گەنجی ٢٩ ساڵ لە ١٢ی ئابدا لە شاری سلێمانی بەپێی قسەی خێزانەکەی لە نهۆمی دووەمی ماڵەکەیانەوە خۆی هەڵداوە، بەڵام دواتر پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند کە ژنەکە گەنجەکە لەلایەن براکەیەوە کوژراوە.