ژنانی ئێران دوای قەدەغەکردنی ٤٠ ساڵ سەیری تۆپی پێیان کرد

دوای ٤٠ ساڵ دەسەڵاتدارانی ئێران رێگەیان بە ژنان دا سەیری تۆپی پێ بکەن، سەدان ژن ڕوویان لە یاریگاکان کرد و دروشمی "کچی شین"یان دەوتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتدارانی ئێران، دوای "شۆڕشی ئێران"ی ساڵی ١٩٧٩ بۆ یەکەمجار ڕێگەیان دا بە سەدان ژن لە یاریگاکان بەشداری بکەن و سەیری یارییەکانی سوپەرلیگ بکەن لە تارانی پایتەختی ئێران. ئاژانسی هەواڵی فارسی نیمچە فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ئاب زیاتر لە ٥٠٠ ژنی ئێرانی لە یاریگای ئازادی تارانی پایتەخت سەیری یاری تۆپی پێی نێوان "ئیستغلال" و "ئارت مێس کرمان"یان کردووە.

 

ئەو ژنانەی چوون بۆ تەماشاکردنی یارییەکە دروشمی "کچی شین"یان دەوتەوە بۆ یادی سەحەر هودایاریی هاندەری یانەی ئیستغلال، کە لە ساڵی ٢٠١٩ بە گۆڕینی جلوبەرگەکەی بۆ جلوبەرگی پیاوان چووە خولی پاڵەوانانی ئاسیا، دوای ئەوەش سەحەر لە دادگا سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، وەک کاردانەوەیەکیس بۆ سزادانەکەی ئاگری لە جەستەی ۆی بەردا و ژیانی لەدەستدا.

 

لە ئێران ناوبەناو ڕێگە بە ژنان دەدرێت لە یاریگاکانەوە سەیری یارییە نیشتمانییەکان بکەن، بەڵام سەیرکردنی یارییەکانی سوپەرلیگ لە یاریگاکان بۆ ژنان قەدەغەیە.