وشکەساڵی سۆماڵ وێران دەکات، هیچ نیشانەیەکی باران بارین نییە

نەتەوە یەکگرتووەکان خستیەڕوو، نزیکەی ٧.١ ملیۆن هاوڵاتی سۆماڵی کە دەکاتە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی ئاستی توندی قەیران و نائارامی خۆراک دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی نەبارینی باران وەک ساڵانی پێشوو، ڕووبارێکی نزیک لە گوندی بولۆ واربۆ لە باشووری ناوچەی کونتونوێری سۆماڵ وشک بووە، سوڕی وشبوونی ناوچەکەش لەوەوە دەستیپێکرد کە سەرەتا ئاسمان بێ هەور بوون، پاشان هەوا گەرم و وشک بوو، خاکی بەپیتی ناوچەکە بووە بە تۆزی قاوەیی تۆخ و پاشان ڕووبارەکە وشکبوو.

 

لە پێشتردا جووتیارانی ناوچەکە بە ئاوی ڕووبارەکە زەوییەکانیان ئاودەدا بۆ پێگەشتنی بەروبوومەکانیان، بەڵام لە ئێستادا هەموو ئەو شتانەیان لەدەستداوە، هیچ نیشانەیەکی باران لە ئاسماندا نییە و ئاویش لە ڕووبارەکەدا نەماوە، خەڵکی ناوچەکە باسیان لەوە کردووە بۆ ماوەیەکی درێژە هیچ دانەوێڵە و بەروبوومێکیان لە زەوییەکانەوە پێنەگەشتووە.

 

زیاتر لە ١٤٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی مەقادیشۆی پایتەخت، لە ناوچەی شابێلی خواروو، کە یەکێکە لە ناوچەکانی پێی دەوترێت سەبەتەی نانی وڵات و هەرێمەکە خواردنی بۆ مەقادیشۆ بەرهەمدەهێنا، بەڵام دوای تێپەڕینی چوار وەرزی باران بارین کە وشکەساڵی دەستیپێکرد و هیچ بارانێک نەباری، خەڵکەکەی بە پێی بەرەو کەناری دەریاکە چوون.

 

هەندێک لە هاوڵاتیان لە ڕێگاکەدا مردن ئەوانی دیکە ڕزگاریان بوو و پەنایان بۆ کامپێکی نوێی ناوچەی داینیلە لە قەراغی مەقادیشۆ برد، ئەفریقیا لە چوار دەیەدا خراپترین وشکەساڵیی خۆی تێپەڕاندووە، بەپێی حکومەت و نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی چارەکێک لە ملیۆنێک کەس ڕووبەڕووی برسی بوون دەبنەوە.

 

نزیکەی سێ ملیۆن مەڕوماڵات بەهۆی بەردەوامی وشکەساڵییەوە لەناوچوون و زیاتر لە ٨٠٥ هەزار کەس ئاوارەبوون، نزیکەی ٧.١ ملیۆن سۆماڵی، نزیکەی نیوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە، ڕووبەڕووی ئاستی توندی نائارامی خۆراک دەبنەوە.