خێراترین دۆسیەکانی تاوان، سزای سێدارە بەسەر نیرە ئەشرەف سەپێنرا

لە یەکێک لە خێراترین کەیسەکانی تاواندا، دادگای تاوانی مەنسورە لە میسر سزای لەسێدارەدانی بۆ بکوژەکەی نیرە ئەشرەف دەرکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دادگای تاوانەکانی مەنسورەی میسر، ئەمڕۆ، ٦ی تەمموز سزای سێدارەی بەسەر محەمەد عادل، تاوانبار بە کوشتنی هاوڕیکەی، نیرە ئەشرەف، خوێندکاری زانکۆی مەنسورە سەپاند.

 

بڕیاری دادگا لەسەر کەیسی کوشتنی خوێندکاری زانکۆ نیرە ئەشرەف، لە ٢٠ی حوزەیراندا کوژرا، یەکێکە لە خێراترین کەیسەکانی تاوانی کوشتن لە مێژووی دادوەری میسردا، کە لە کەمتر لە مانگێک دوای ڕووداوەکە بڕیاری سزادان بۆ بکوژەکە دەرکرابێت.

 

ڕۆژی ٢٠ی حوزەیران، حەمادە ئەلساوی، داواکاری گشتی میسر داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلەی لە مردنی ئەو خوێندکارە کرد، پاش ئەوەی لەلایەن هاوڕێیەکییەوە لە بەردەم دەروازەی زانکۆدا چەقۆ لە ملی درا، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنەکە لە ٢٦ حوزەیراندا بەڕێوەچوو، دادگا گوێی لە لێدوانەکانی محەمەد عادلی تۆمەتبار بوو دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، کە بە بەکارهێنانی چەکی سپی "چەقۆ" تاوانەکەی ئەنجامداوە.

 

دادگا هەفتەی ڕابردوو پەڕاوەکانی تۆمەتبارەکەی گەڕاندەوە بۆ موفتی گەورەی کۆمار بۆ گفتوگۆ لەسەر بڕیارە لەسێدارەدانەکەی، ئەمرۆش بڕیارەکە بەسەر تاوانباردا سەپێنرا.