هەرێمی کوردستان، ٢٢ پێشێلکاری بەرامبەر ٦٢ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئاماری نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ی پێشێلکارییەکانی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە و تێیدا چوار ڕۆژنامەنووسی ژن پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئاماری نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ی پێشێلکارییەکانی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە و نەزاکەت حسێن، سکرتێری لیژنەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان راپۆرتەکەی خوێندەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ژمارە ٢٩ی لیژنەکە، لە ماوەی ئەمساڵدا ٢٢ حاڵەتی پێشێلکاری تۆمارکراوە، ٦٢ ڕۆژنامەنووس پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە، کە چواریان ڕەگەزی مێ بوون، دیارترین پێشێلکارییەکان شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسان و سڕینەوەی میمۆری بووە.

 

نەزاکەت حسێن بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستەڕوو، کۆی گشتی ٢٢ حاڵەتی پێشلکاری بەرامبەر بە ٦٢ ڕۆژنامەنووس کراوە، لەو ژمارەیەشدا دوو حاڵەتی دەستگیرکردن تۆمار کراوە، هەشت حاڵەتی ڕێگەنەدان بە ڕووماڵ و جیاکاری نێوان کەناڵەکان هەبووە، لەگەڵ چوار حاڵەتی سووکایەتی بە ڕۆژنامەنووسان و سێ حاڵەتی شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و دەست بەسەرداگرتن، یەک حاڵەتی هەڕەشەکردن و هێرش کردنە سەر دەزگای ڕاگەیاندن، هەروەها دوو حاڵەتی دەرکردن لە کار هەبووە.

 

زۆرترین ڕێژەی پێشێلکارییەکان لە شاری هەولێر تۆمار کراوە، کە بە ٩ حاڵەت لە پێش پارێزگاکانی ترەوەیە، پارێزگای سلێمانی ٥ حاڵەتە و دهۆک و کەرکوکیش یەکی سێ حاڵەتی پێشێلکارییان تێدا تۆمارکراوە.