بەدخۆراکی لە وڵاتانی هەژارنشین لە کاتی دووگیانی زیاد دەکات

ئاژانسی یونیسێف سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو ژنانەی کە دووگیانن و بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٪٢٥ بەرزبووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپۆرتەکەی یونیسێف دەریخستووە کە هەژارترین ناوچەکانی جیهان وەک سۆماڵ و ئەسیوپیا و ئەفغانستان زۆرترین مەترسی قەیرانی خۆراکیان لەسەرە، زیاتر لە یەک ملیار ژن و منداڵانی کچی خوار تەمەنی ١٨ ساڵی لە سەرانسەری جیهاندا بەدخۆراکییان هەیە، ئاماژەی بەوەشداوە کە قەیرانەکانی ئەم دواییە لەوانە: شەڕ و پەتای کۆرۆنا وایکردووە کە دۆخەکە قورستر ببێت بۆیان بۆ بەدەستهێنانی خۆراکی پێویست و ئاوی پاک.

 

یونیسێف داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە ئاسایشی خۆراک بکەنە هەنگاوە سەرەکییەکانیان، چونکە نەبوونی خۆراکی پێویست و بەدخۆراکی بە پلەی یەکەم کاریگەری لەسەر منداڵان و ژنانی دووگیان هەیە، کە یەک ملیار ژنی بەدخۆراک لە جیهان هەیە و ڕووبەڕووی کێشی کەم و باڵا بوونەوەتەوە، لە ئەنجامدا، بەپێی شیکاری داتاکانی ژنان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، بۆیان دەرکەوتووە کە بە گشتی ژنان تووشی کەمی ماددە خۆراکییە بنەڕەتییەکان بوونەتەوە و هەروەها تووشی کەمخوێنی بوون، ئەمەش ڕاستوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی کۆرپەکان لە سکی دایکیان و منداڵان هەیە.

 

لە ڕاپۆرتەکەشدا هاتووە، باشووری ئاسیا و ئەفریقا وەک ناوەندی بەدخۆراکی بۆ ژنانی دووگیان و منداڵانی کچی خوار تەمەنی ١٨ ساڵی دەمێنێتەوە، دەرکەوتووە کە ٦٨٪ی ژنان و منداڵانی کچی خوار تەمەنی ١٨ ساڵی کێشیان کەمبووە، هەروەها ٦٠٪ یان تووشی کەمخوێنی بوون، لە کاتێکدا نەخواردنی خۆراکی پێویست لە ماوەی ژیانی ژنان دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەرگری لەش و خراپی گەشەکردنی هزری و زیادبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان، بەتایبەتی لە کاتی منداڵبوون بۆ ژنانی دووگیان.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بەدخۆراکی دەتوانێت دەرئەنجامی مەترسیداری هەبێت بۆ، مانەوە و گەشەکردن و فێربوون، لە ئێستادا لەسەر ئاستی جیهان ٥١ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی دوو ساڵ بەدخۆراکیان هەیە، نزیکەی نیوەی ئەو منداڵانە لە کاتی دووگیانی و شەش مانگی یەکەمی تەمەنیان لە سکی دایکدا خۆراکی پێویستیان وەرنەگرتووە.

 

یونیسێف مەزەندە دەکات کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٢ ژمارەی ئەو ژنانەی دووگیان یان شیر دەدەن بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن و ڕێژەکەش لە ٥.٥ بۆ ٦.٩ ملیۆن زیادی کردووە لەو ١٢ وڵاتەی لە قەیرانی خۆراکدا دەژین وەک: ئەفغانستان، بورکینافاسۆ، ئەسیوپیا، کینیا، مالی، نەیجیریا، سۆماڵ، سودان، باشووری سودان و یەمەن.