دانیشتوانی هەرێمی کوردستان حەوت ملیۆن کەسی تێپەڕاند

ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە سێ ساڵی رابردوودا سێ ملیۆن کەس زیادی کردووە، دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش حەوت ملیۆن و ٤٢٦ هەزار کەسی تێپەڕاند.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان سیروان محەممەد ڕایگەیاند، ئێستا نزیکەی حەوت ملیۆن و ٤٢٦ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان دەژین، کە ٦٦٠ هەزار ئاوارە و ٢٦٦ هەزار پەنابەر لە خۆدەگرێت.

 

ڕایگەیاند، بۆ کۆتای ساڵی ٢٠٢٣ دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان خەمڵاندنێکی ئەنجامداوە و پێشبینی دەکات ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بگاتە شەش ملیۆن و ٥٥٠ هەزار کەس جگە لە ژمارەی ئاوارە و پەنابەران.

 

سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، سەرژمێری تەواو لە عێراق ئەنجامنەدراوە بۆیە ناتوانن ئامارەکان بڵاوبکەنەوە، تەنها دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان خەمڵاندنێکی ئەنجامداوە بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئێستای دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و پێشبینی کردنی بۆ کۆتای ساڵی ٢٠٢٣.

 

بەپێی ماڵپەڕی وۆڵد ئۆمیتەر تایبەت بە داتا و سەرژمێری، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە ژمارەی دانیشتووان تیایدا بەرزە و بە پلەی ٣٦ هەمین دێت، لە کاتێکدا لە سآڵی ٢٠٢١ ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتبووە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن و ٢٢٢ هەزار کەس.