ژمارەی گیانلەدەستدانی بومەلەرزەکە لە هەڵکشاندایە
بە پێی دواهەمین ئامارەکان ژمارەی گیانلەدەستدان لە تورکیا و باکووری کوردستان بۆ ٢١ هەزار و ٤٣ کەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ کەسیش لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندی هەواڵ
هاوکات لەگەڵ بەردەوامی هەوڵەکانی ڕزگارکردنی ئەو هاوڵاتیانەی لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماونەتەوە لە تورکیا و باکووری کوردستان، سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ زیاتر لە ٢٤ هەزار کەس بەرزبووەتەوە.
ژمارەی گیانلەدەستدان لە تورکیا و باکووری کوردستان بۆ ٢١ هەزار و ٤٣ کەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ کەسیش لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، لە دوای بوومەلەرزەکە تا ٥ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان بێ ماڵ و حاڵ بن، هاوکات نزیکەی ٩٠٠ هەزار کەس پێویستیان بە خواردنی گەرم هەیە لە تورکیا و باکووری کوردستان، سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان.
بەگوێرەی میدیاکانی دەوڵەتی سوریا، حکومەتی سوریا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان.
شارەزایان ئاماژەیان بەوەداوە ١٠٠ کاتژمێر بەسەر بومەلەرزە وێرانکەرەکەدا تێپەڕیووە و ئەو کەسانەی کە ئەگەری مانەوەیان لە ژیاندا هەبێت وەک موعجیزەیەک لێی دەڕواندرێت.
گروپە مرۆییەکان بەردەوام کاردەکەن بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی ئێستا لە دۆخی پێویستیدان و هۆشداری دەدەن کە بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەمە بۆ ماوەیەکی درێژ کاریگەری جێدەهێڵێت، و کۆمەڵێک پێداویستی بەرفراوان هەیە کە پێویستی بە بەخشین دەبێت بۆ چەند مانگێک، یان تەنانەت ساڵانێک، دوای کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی ڕزگارکردنی قوربانیان و چاکبوونەوەیان.