شەڕی بەردەوام ملیۆنان کەس دەخاتە بەردەم مەترسی تووشبوون بە کۆلێرا

زیاتر لە دوو هەزار حاڵەتی گومانلێکراوی سکچوونی ئاوی لە سودان تۆمارکراون و بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی ٧٨ کەس لە ژمارەیەک ویلایەتدا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی بەرپرسانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، بەهۆی ناکۆکییەکانی سودان کە ٨ مانگە بەردەوامە، سیستمی تەندروستی گرژی تێکەوتووە و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەوڵدەدات چاودێری و دابەشکردنی دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکان چڕتر بکاتەوە، بەڵام بارودۆخی ئەمنی سەخت و نەبوونی هاوکاری هەردوولا لە شەڕەکەدا ڕێگری لەو هەوڵانە دەکات.

 

نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی "OCHA" ڕایگەیاند، ئاژانسەکانی فریاگوزاری وەڵامی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە ژمارەیەک لە وڵاتانی سودان زیاد دەکەن و پشتیوانی لە دۆزینەوە و چارەسەرکردنی حاڵەتەکان دەکەن.

 

نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ١٤ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند بەلایەنی کەمەوە دوو هەزارو ٥٢٥ حاڵەتی گومانلێکراوی سکچوونی نەخۆشی کۆلێرای توند، لەنێویاندا ٧٨ حاڵەتی گیان لەدەستدان، لە 27 ناوچەی قەزارف باشووری کۆردۆفان، کاسالا، خەرتووم، جزیرەو سنار تۆمارکراون.

 

بەگوێرەی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڵمەتی کوتان لە کۆتایی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات و زیاتر لە ٢.٩ ملیۆن ژەمی ڤاکسینی کۆلێرای زارەکی بۆ هەڵمەتی کوتانی کارلێککراو لە نۆ ناوچەی قەزارف و جزیرەو خەرتوم دابینکراوە.

 

هەروەها چاودێریکردن بەردەوامە لەو ناوچانەی کە مەترسی زۆریان لەسەرە بۆ دۆزینەوە و چارەسەرکردنی هۆکارەکانی مەترسی، لەگەڵ مەزەندەکردنی زیاتر لە ٣.١ ملیۆن کەس لە ٨ ویلایەتدا مەترسی سکچوون و کۆلێرایان لەسەرە.