تەنها لە دەرەوەی وڵات مۆڵەتی نمایشکردن بە فیلمی "بکوژ و دڕندە" دەدرێت

دوای ٤ ساڵ لە قەدەغەکردنی نمایشی فیلمی "بکوژ و دڕندە" تەنها ڕێگەی پێدراوە لە دەرەوەی وڵات نمایش بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ شەممە ٢٥ شوبات، فیلمی "بکوژ و دڕندە" دوای ٤ ساڵ لە قەدەغەکردنی، تاکە مۆڵەتی پیشاندانی لە دەرەوەی ئێران وەرگرت.

 

فیلمی "بکوژ و دڕندە" کە لە ساڵی ٢٠١٨ دروستکرابوو، بەهۆی ڕۆڵگێڕانی ئەکتەر لەیلا حاتەمی بە سەری تاشراوەوە لە ئێران قەدەغەکرا، بەڵام ئێستا مۆڵەتی وەرگرتووە بۆئەوەی لە دەرەوەی ئێران نمایشبکرێت.

 

ڕوحەڵا سوهرابی، بەڕێوەبەری گشتی سەرپەرشتی دابەشکردن و نمایشکردنی ڕێکخراوی سینەما، وێڕای ڕاگەیاندنی هەڵگرتنی قەدەغەکردنی سەر فیلمەکە ڕایگەیاندووە، "وێنەکانی ئەو ژنە ئەکتەرە بە قژی تاشراوەوە" هۆکاری سەرەکی "ڕەتکردنەوەی نمایشکردنی فیلمەکە" بووە.

 

کۆت و بەند و ڕێساکان لەلایەن ڕژێمی ئێران وایکردووە کە ئەکتەرە ژنەکان لە هەندێک ڕۆڵگێڕان ڕووبەڕووی ئاستەنگی و کێشە ببنەوە و تەنانەت لەو حاڵەتانەشدا کە ناچارن ڕۆڵی تێدا ببینن، دەستکردی ماکیاژەکە کوالیتی ڕۆڵەکەی کەمکردووەتەوە.