داگیرکەران هەوڵی کاڵکردنەوەی زمانی کوردی دەدەن

لە ڕۆژی زمانی دایکدا کۆمسیۆنی زمان و کلتور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ بەشی زمانی کوردی کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور کۆلیژی زمان لە زانکۆی هەڵەبجە ، چەند پانیڵێکیان ساز کردبە دروشمی زمانی کوردی بە شێک لە بونمان دەسەلمێنێت.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، کۆمسیۆنی زمان و کلتور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ بەشی زمانی کوردی کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور، کۆلیژی زمان لە زانکۆی هەڵەبجە و لە ڕۆژ زمانی دایکدا چەند پانیڵێکیان ساز کرد کە سەرجەمیان ئالنگاری بوو لە سەر بارودۆخی زمان لە ئیستادا.

 

دەربارەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، پرۆفیسۆرمەهاباد کامیل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، تایبەت بە نوژنها وتی: " وێڕای پیرۆزبای خۆمان لە ڕۆژی زمانی دایک، هەموو کەسێک لە هەر جێگەیەکی دنیا بێت کاتێک بە زمانی دایکی قسە دەکات بەها و گرنگی خۆیی هەیە، چونکە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو کەسە زمانی دایکی بێ کەموکوڕتییە و بە شێوازێکی گونجاو بەکاری دەهێنێت و دوای زمانی دایک بیر لە بەکارهێنانی زمانی دووهەم دەکاتەوە."

 

مەهاباد کامیل، داوا لە دایکان و باوکان دەکات کە گرنگی بە زمانی دایک بدەن و هانی منداڵەکانیان بدەن بۆ قسەکردن بە زمانی دایک و لە قۆناغەکانی کۆتای خوێندن بیر لە فێرکردنی زمانی دیکە بکەنەوە بۆ منداڵەکانیان.

 

هەروەها مەهاباد کامیل باسی لەوەکرد خوێندن بە زمانی جیاواز لە زمانی دایک زیانی هەیە بۆ منداڵان و وتی: " پێویستە لە قوتابخانەکان وای لێبکرێت کە زمانی کوردی زمانی سەرەکی بێت و پاشان زمانی دووهەم بخوێندرێت، داوا لە حکومەت و لایەنی پەیوەندیداری هەرێمی کوردستان دەکەم لە بواری کوردی قاڵ ببنەوە و نەهێڵن زمانی کوردی لە خویندنگە تایبەتەکان کاڵ بێتەوە و لە ناوچە دابڕاوەکانیش گرنگی بە پاراستنی زمانی کوردی بدرێت."

 

پەروا عەلی، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان- کەنەکە باسی لەوە کرد، کە لە هەرچوار پارچەی کوردستان ناتوانن بە دیالێکت و شیوەزاری خۆیان قسە بکەن و وتی: " زمانی کوردی گرفتی بۆ دروستبووە و سەرجەم کەمە نەتەوایەتییەکان ناتوانن بە شێوەزاری خۆیان قسەبکەن، ئەمەش کاریگەری داگیرکەرانە کە وایکردووە زمانی کوردی بەم شێوازە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و دەستی حیزبی تێکەڵ بە سەرجەم ناوەندە کولتوری و ڕۆشنبیرییەکان بووە، هەموو تاکێکی کورد مافی خۆیەتی کە بە زمانی دایک و شێوەزاری خۆی قسەبکات، ئەو مافانەیان بۆ بگەڕێتەوە کە لێیان زەوتکراوە."

 

پەروا عەلی باسی لەوەشکرد، بە پێی یاسای زمانی کوردی لە پەرلەمانی کوردستان دەبێت گرنگی بە شێوەزارەکانی زمانی کوردی بدرێت، ئەو مافە بدرێت بە هەموو تاکێکی کورد کە بە زمانی دایک قسەبکەن