دوو ژنی گەنجی ئێزدی ڕفێندران

دوو ژنی گەنجی ئێزیدی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕفێندران و چارەنووسیان نادیارە، خێزانەکان بانگەوازیان لە هەموو لایەک کرد کە دەنگی خۆیان بگەیەنن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای فەرمانی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ سەدان ژنی ئێزدی کوژران و هەزاران ژن ڕفێنران و ئاوارە بوون، لە ئێستادا هەزاران ئێزدی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ کراون و پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕێگەیان پێنادات بگەڕێنەوە بۆ شەنگال، بەپێی هەواڵی ئاژانسی ئەنەفە، هەفتەی ڕابردوو دوو ژنی گەنجی ئێزیدی کە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بوون، لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕفێندراون و چارەنووسیان نادیارە.

 

"کچەکەم لە بازاڕ ڕفێندرا"

ن.ف.م، کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات و ئێستا لە کەمپێکی زاخۆیە، وتی: ماوەی ٩ ساڵە لە کەمپی زاخۆین، کچەکەم لە کەمپی سوکا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە ڕفێندرا و تا ئێستاش نازانین لە کوێیە".

ن.ف.م. درێژەی بە قسەکانی دا و وتی، " ڕوومان کردە زۆر لایەن، بەڵام بە دەستی بەتاڵ گەڕاینەوە، تەنانەت مەجلیسی ڕۆحانیش هیچ چارەسەرێکی نەدۆزیەوە بۆمان”.

 

هەروەها لە دەڤەری خانک، ژنێکی گەنج بە ناوی ڤیان فەرەج سولەیمان بۆ ماوەی دە ڕۆژ لەلایەن هەندێک کەسەوە ڕفێندراوە و هیچ زانیارییەک لەسەری نیە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

 

"ڕوومان کردە زۆر لایەن"

برای ڤیان، ڕۆژنامەنووس دیلمان فەرەج سولەیمان، دەڵێت: " لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا خوشکەکەم لەلایەن هەندێک گروپی نەناسراوەوە ڕفێندراوە، حکومەتی باشووریش لە بەرامبەر ئەو کارە نا مرۆڤانە بێدەنگە، بەڵگەمان هەیە کە دەزانین ڤیان لە کوێیە، بەڵام گرنگی بە باتەتەک نادەن، ئێمە بانگەوازمان لە بابە شێخ و مەجلیسی ڕۆحانی کرد، بەڵام هیچ چارەسەرێکیان بۆ ئێمە نەدۆزیەوە”.