فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا و ئێران بەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستانەوەن

لە درێژەی هێرشەکانی تورکیاو ئێران بۆ سەر باشوری کوردستان، دوێنێ ٤ی تشرینی یەکەم فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک بۆ چەند جارێک لەسەر یەک شارباژێڕ و پێنجوێنی لە سنوری سلێمانی بۆردومان کرد.

ناوەندی هەواڵ

ئێوارەی دوێنێ ٤ی تشرینی یەکەم فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک سنووری گوندەکانی زەردکاوە، کۆشکەوە، بەیانە و ڕەنێنەی لە سنوری شارۆچکەی پێنجوێن بۆردوومان کردو تا درەنگانی شەوناوبەناو درێژەی بە بۆردومانەکە داو درۆن بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕایەوە.

 

بەپێی زانیارییەکان ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون چۆڵەوانین و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

 

هەر دوێنێ دوو جار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک سنوری شارباژێڕی بۆردومان کردو، لە یەکەم بۆردوماندا لەسەر پردی گوندی شێخەڵ مارێنی نزیک شارەدێی زەلانی ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج،  بۆ جاری دووەمیش ئێوارەکەی سنووری گوندی شێخەڵمارێنی بۆردوومان کرد.

 

لە لایەکی دیکەوە هەر ٤ی تشرینی یەکەم دوو درۆن بەسەر چەند ناوچەیەکى باشوورى گەرمیاندا سووڕاونەتەوە و دواتر بەرەو سنوورى ئێران رۆیشتوون.