لە باکووری کوردستان کۆنفرانسی ژنان دەبەسترێت؛ پلانی تێکۆشان دادەڕێژرێتەوە

سبەینێ کۆنفرانسی ژنانی پارتی چەپی سەوز و ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە بە دروشمی "ئێمە بە سەرهەڵدان بە ڕێکخستن دەبین، ئازادی خۆمان دەپارێزین" دەبەسترێت و ژنانی باکووری کوردستان پلانی تێکۆشانیان نوێ دەکەنەوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- ئەنجومەنی ژنانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی چەپی سەوز  ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی "کۆنفرانسی گەورەی ژنان" لە ڕۆژانی ٨-٩ی ئەیلولدا دەکەن، ژنان لە ئەنقەرە بە دروشمی "ئێمە بە سەرهەڵدان بە ڕێکخستن دەبین، ئازادی خۆمان دەپارێزین" کۆدەبنەوە و لەبارەی بابەتەکانی پەیوەست بە گۆشەگیری، سیاسەتی شەڕی تایبەت، کۆمەڵکوژی ژنان، قەیرانی ئابووری و کۆبوونەوە گشتییەکان کە لە کاتی پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێن، گفتوگۆ دەکەن.

 

"نەخشە ڕێگای خەباتی ژنان لە کۆنفرانسدا دیاری دەکرێت"

مەرڤان یەڵدز، چالاکوانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد- تەژەئە و ئەندامی بەڕێوەبەری هەدەپە لە ئامەد، تیشکی خستە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنی مانگی ئایاری وڵاتی تورکیا و وتی: لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا، میکانیزمەکانی ڕەخنە و خۆڕەخنەکردن هاتنە ئاراوە، لە زۆرێک لە ناوچەکان کۆبوونەوە ئەنجامدرا و لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەی کە لەم کۆبوونەوانەدا ئەنجامدراون و ئەو پێشنیارانەی کە لە ڕای گشتیەوە وەرگیراون، کۆنفرانسی پارێزگاکانیش بەڕێوەچوو، دوو کۆنفرانس کە لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت، لەلایەن ئەو نوێنەرانەوە یەکلایی کراونەتەوە کە لەلایەن کۆنفرانسە پارێزگاکانەوە هەڵبژێردراون، سەرەتا کۆنفرانسی خۆسەری ژنان بەڕێوەدەچێت، دواتر کۆنفرانسی گشتی ئەنجام دەدرێت، هەروەک دەزانن لە کوردستان بەتایبەتی دژی ژنان سیاسەتێکی قورسی شەڕی تایبەت بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەش لە کۆنفرانسەکەدا نەخشەڕێگای نوێی خەباتی ژنان دیاری دەکرێت.

 

گفتوگۆ لەسەر شەڕی تایبەت دەکرێت

مەرڤان یەڵدز ئاماژەی بەوەدا کە دەستکەوتەکانی ژنان بە هۆی سیاسەتی شەڕی تایبەتەوە دەکرێنە ئامانج و لەناو دەچن، بۆیە لە کۆنفرانسەکەدا بەتایبەت ژنان گفتوگۆ دژی ئەم سیاسەتە تایبەتانەی شەڕ دەکەن و وتیشی: وەک بزووتنەوەی ژنانی کورد لە کوردستان و ژنان لە بەرەی تورکیا، کۆدەبینەوە بۆ دیاریکردنی پلانی خەبات و چالاکی ژنان لە داهاتوودا، وەک دەزانن ئەو کابینەیەی دوای هەڵبژاردن پێکهاتووە، دەیەوێت دەستکەوتەکانی ژنان بکاتە ئامانج و لەناو ببات، ئێمە لە دژی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەستەنبوڵ قسە دەکەین و لەم کۆنفرانسەدا باس لە ڕێگا و ئامرازەکانی پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان دەکەین.

 

"گۆشەگیری و زیندان دەبێتە ئەجێندای سەرەکی"

مەرڤان یڵدز باسی لەوەشکرد، تەوەری سەرەکی و یەکەمی کۆنفرانسەکە گۆشەگیری و دۆخی زیندانییە نەخۆشەکان و لەسێدارەدانی زیندانییەکانە و وتی: هەمیشە گوتوومانە ئەو گۆشەگیرییەی کە ساڵانێکە لەسەر بەڕێز ئۆجالان ئەنجام دەدرێت، سەربەخۆ نییە لە ئاژاوەگێڕییەکانی تورکیا، لەم دۆخەدا دابڕان و بارودۆخی زیندانیانی نەخۆش دەبێتە کارنامەی سەرەکی و تەوەری یەکەمی کۆنفرانسەکە، دیسان سووتاندنی زیندانیان ئەجێندایەکە کە باسی لێناکرێت، دیموکراسیکردنی تورکیا لەسەر بنەمای لابردنی گۆشەگیرییە، وەک ژن هەست بە گۆشەگیریی بەڕێز ئۆجالان دەکەین و ئەو مەرج و ڕێسایانەی کە ئێمە خستوومانەتە ناوەوە مەرجێک نین کە بتوانرێت بە جیا لە گۆشەگیری لەبەرچاو بگیرێن، ئێمە هەمیشە دەڵێین دەبێت گۆشەگیری لاببرێت، ئەم کۆنفرانسە کۆنفرانسێک دەبێت، کە تێیدا بە هەموو شێوەیەک باسی ئەم کێشە و خاڵە قەیراناویانە دەکەین، کارنامەی سەرەکیمان هەنگاونان دەبێت بۆ لابردنی ئەو گۆشەگیرییەی کە هۆکاری سەرەکی ئاژاوە و قەیرانەکانە.