ترس و دڵەڕاوکێی ژەهراویبوون لە نێوان خوێندکارەکانی سنە دروست دەکرێت

لەگەڵ دەستپێکردنی ژەهراویکردنی قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کچە خوێندکارەکانی شاری سنە، وەک قوتابیانی دیکەی سەرتاسەری ئێران، هەموو ڕۆژێک بە ترس و دڵەڕاوکێیەوە دەچنە قوتابخانە.

سنە

 

لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتی ژەهراویکردنی سەر قوتابخانەکانی کچان، ڕۆژانە خوێندکاران بە ترس و دڵەڕاوکێوە دەچن بۆ قوتابخانە، دوێنێ و ئەمڕۆ چەندین قوتابخانەی کچان لە شاری سنە ژەهراویبوون و چەند خوێندکارێک دوای هەڵمژینی گازی ژەهراوی ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکان کران.

 

بە وتەی یەکێک لە خوێندکارەکان، بۆنێکی ناخۆش لە قوتابخانەی بەناوبانگی مورادی کە دەکەوێتە گۆڕەپانی ئیقباڵ سنە بڵاوبووەتەوە، کە ترس و دڵەڕاوکێی بۆ مامۆستایان و خوێندکارەکانی قوتابخانەکە دروستکردووە، بەڵام کارگێڕانی قوتابخانەکە ڕێگەیان نەداوە خوێندکاران قوتابخانە بەجێبهێڵن.

 

خویندکاران لە ترسی ژەهراویبوون بە ماسکەوە دەچنە پۆلەکانی خوێندن، وە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان ڕێگە نادەن کە خوێندکاران پۆلەکاندا ئامادەنەبن و هۆشدارییان داوە لەوەی ئەگەر ئامادەنەبن ئەوا بە نەهاتوو هەژماردەکرێن، ترساندوویانن بەوەی کە فایلەکانیان ڕادەست دەکەن بۆ ئەوەی نەتوانن ناوی خۆیان لە هیچ قوتابخانەیەکی تر تۆمار بکەن و بەمەش ناچاریان دەکەن بچنە قوتابخانە.