ڕێکخراوی سارا، ئامادەکاری بۆ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیاند

بە ئامانجی گەیشتن بە خەڵکی گوند و شارەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ نەهێشتنی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕێکخراوی سارا هەڵمەتێکی بۆ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیاند.

دەلال ڕەمەزان

 

کۆبانێ- ڕۆژی ٢٥ تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە ڕادەی پێشێلکارییەکانی دژی ژنان و تیشک خستنە سەریان، لە ١٨ تشرینی یەکەم ڕێکخراوی سارا لە ناوچەی فورات لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵمەتێکی ڕاگەیاند بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان.

 

کەمپەینی ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەژێر دروشمی "هێزی ژنان لە خۆیدایە" دەستیپێکرد، کەمپینەکە ڕۆژێک پێشتر لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە "قامیشلۆ، کۆبانی، حەسەکە، عەین عیسا و سارین." ڕاگەیەندرا.

 

سەبارەت به هەڵمەتەکەی ڕێکخراوی سارا له شاری کۆبانی، ئەندامی ڕێکخراوەکه به ناوی حه لیمه عوسمان، ڕایگەیاند، ساڵانه لە میانەی کارو چالاکییەکان بۆ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان چەندین هەڵمەت ڕادەگەیەنن، چونکه ڕێکخراوی سارا ڕێکخراوێکی ژنانە و کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ به ژنان و کارکردن ده کات بۆ کۆتاییهێنان بەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت.

 

حەلیمە عوسمان ئاماژەی بە کاروچالاکییەکانی ئەمساڵیانی کرد و وتی: " بەرنامەکەمان بۆ ئەمساڵ کۆمەڵێک چالاکی لەخۆدەگرێت، لەوانە کارکردن بۆ پەروەردەکردنی گەلانی ناوچەکە سەبارەت بە پێویستی وەستاندنی توندوتیژی دژی ژنان،  دیزاینکردنی پۆستەر و دروشم بۆ کەمپینەکە و دروشمەکەی بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی و ئینگلیزی.

 

دابەشکردنی بروشەر لە شوێنە گشتیەکان، پێشکەشکردنی وتار و سیمینار لەسەر توندوتیژی بەگشتی و هاوسەرگیریی لە تەمەنی منداڵی و فرەژنی لە گەڕەک و گوندەکان بە تایبەتی، و ڕێکخراوی سارا هەماهەنگی لەگەڵ میدیاکان کار دەکات بۆ تیشک خستنەسەر توندوتیژی دژی ژنان.

 

حەلیمە ئاماژەی بەوەکرد، " کوشتنی ژنان تاوانێکە کە رۆژانە پراکتیزە دەکرێت، زۆربەی هۆکارەکانیش بۆ بەسەرچووی داب و نەریتەکان دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەرکی ئێمەیە هەموو چالاکیەک ئەنجام بدەین بۆ راگرتنی توندوتیژی دژی ژنان،  هەوڵدەدەین بگەینە ژنان لە هەموو شوێنێک، و ئاشنایان بکەین بە کارەکانمان و کە دەتوانین یارمەتیان بدەین بۆ بەدەستهێنانی متمانەیان."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "داگیرکاریی تورکیا توندوتیژی دژی ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا ئەنجام دەدات، لەوانە کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و رفاندن، ئێمەش دەڵێین واز لە کوشتنی ژنان و ئەو نادادپەروەرییە بهێنن کە بەرامبەریان دەکرێت".

 

لە کۆتایی قسەکانیدا حەلیمە عوسمان داوای لە ڕێکخراوە فێمینیستەکان و مافی مرۆڤەکان کرد کە پاڵپشتی ئەو ژنانە بکەن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە و وتی: " پێویستە هەموو ژنان لە پاڵ یەکتر بوەستن و پشتگیری خۆیان بکەن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو کارانە ببنەوە کە بەرکەوتەی دەبن، ژنان شایەنی ئەوەن ژیانێکی شایستە و ئازاد و دوور لە توندوتیژی و نادادپەروەری و کوشتن و خۆکوشتن بژین."