خۆپیشاندانی جەماوەری لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو
بە دروشمی " ناتوانن لە پەراوێزخستی هەڵەبجە بەردەوامبن" خۆپیشاندانی جەماوەری بەڕێوەچوو.
هەڵەبجە
ئەمڕۆ لە پارێزگای هەڵەبجە، بە ئامادەبوونی هاوڵاتیان لە سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکانی شارەکە و ژمارەیەک لە چالاکوانان و ڕێکخراوەکان خۆپیشاندانی جەماوەری ئەنجامدرا و بە ڕێپێوان لە سێ ڕیانی عومەری خاوەر بۆ بەردەم باخی گشتی ڕۆشتن، ئامانجیان گۆڕینی ئەو دۆخە چەقبەستوویەی هەڵەبجەیە کە تیادایە.
کاڵێ ڕێناس، یەکێک بوو لە ژنە چالاکوانەکانی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە تایبەت بە ئاژانسی نوژنها وتی: " داواکاریەکانی خەڵکی هەڵەبجە ڕوون و ئاشکرایە، لە کاتێکدا ٣٥ ساڵ بە سەر کیمیابارانی هەڵەبجە تیپەڕیووە بەڵام تاوەکو ئێستا ئەگەر تەماشای سیمای هەڵەبجە بکەین سیمای ساڵی ١٩٨٨ پێوە دیارە."
باسیشی لەوە کرد، " ئێستا کە بە ڕێپێوان لە بازاڕی هەڵەبجەوە تێبپەڕین، بازاڕەکە لە پێش ساڵی ١٩٨٠ ەوە دروستکراوە بەڵام پاش چەندین دەیە هیچ شتێک بۆ هەڵەبجە نەکراوە، لە پاش ٩ ساڵ بەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، ئەگەر لە دەروازەی شارەکەوە سەیربکەین ئەو پڕۆژەیەی بۆ دەروازەکە دەرچووە تا ئێستا جیبەجێنەکراوە، ئیتر دەبێت پڕۆژەکانی ناو شار و ڕێگاوبان، ئاو و کارەبا چۆن بێت و حاڵی قوربانیان لە چ دۆخێکدابێت."
کاڵێ ڕێناس لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، " تەنانەت ئەو نەخۆشخانەیەی بۆ کیمیاباران کراوەتەوە تا ئێستا نەشتەرگەری دیکەی تێدا ئەنجامدەدرێت و پارە لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت، ئەمانەش قسەی سەرزاری هەموو هەڵەبجەییەکانە کە شارەکە پێویستی بەوەیە ئاوڕی لێبدرێتەوە و خزمەتگوزاری بۆ جێبەجێبکرێت، بەڵام ئیتر پێویستمان بە قسەی باق و بریق نەماوە و بە هێمنی هاتوینەتە سەر شەقام و داوای ئەوەدەکەین بە کردار داواکانمان جیبەجێبکرێت."
هاوڵاتیانی ناڕازی هەڵەبجە ماوەیەکیان بە حکومەت داوە بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانیان، ئەگەر حکومەت داواکانیان پشتگوێ بخات ئەوا ڕێوشوێنی دیکە دەگرنەبەر.