دوو وەزیری تورکیا دێنە هەرێمی کوردستان، فڕۆکەکانیش بۆردومان دەکەن

ئەمڕۆ دوو وەزیری تورکیا گەیشتنە هەرێمی کوردستان، هاوکات فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکیا سێ ناوچەیان لە هەرێمی کوردستان بۆمباران کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

بۆردومان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، لە ئەنجامدا چەندین بریندار و قوربانی لێکەوتەوە.

 

ئەمڕۆ فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوام بوون لە بۆردومانکردنی ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان و سێ جار گوندی ساڵیاوای سەربەقەزای پێنجوێنیان بۆردومان کرد، لە ناوچەکانی مێرگەمیر لە سنووری برادۆست ماڵی هاوڵاتییەکیان بۆردومان کرد و بەوهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا، هەروەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوڵەتی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لەسەر ڕێگای سنینێ لە قەزای سیدەکانی پارێزگای هەولێر بۆردومان کرد.

 

ئەمڕۆ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا گەیشتنە هەرێمی کوردستان، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ بۆردومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکیا  کە سێ ناوچەیان لە هەرێمی کوردستان بۆمباران کرد و  چوار هاوڵاتی گیانیان لە دەستدا.

 

ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی کورد لە هەولێر پێشوازییان کرد لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای ئێستا و سەرۆکی دەزگای میتی جاران و ئاڵپئارسڵان بایراکتار وەزیری وزەی تورکیا، گەیشتنی ئەم دوو وەزیرە بۆ هەرێمی کوردستان هاوکات بوو لەگەڵ بەردەوامی بۆردومانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکیا.