"مەشخەڵی شۆڕش داگیرساوە، هیچ دیکتاتۆرێک بۆ هەمیشە نەژیاوە"

لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی ژنان لە ٨ی ئادار، ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و نووسی: سەرکەوتن بۆ ئازادیخوازانە و هیچ دیکتاتۆریەتێک بۆ هەتا هەتایە نامێنێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانی ئێران کرد کە لە ڕۆژهەلاتی کوردستانەوە دەستیپێکرد و بۆ شارەکانی دیکەی ئێران بڵاوبووەوە، ڕایگەیاندووە: ئەم بزووتنەوەیە بووەتە سیمبۆلی شۆڕشی ژینا دژی ڕژێمی دیکتاتۆری ئێران لە تەواوی جیهان.

 

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی ژنان، بەپێویستی دەزانین سەرەتا ئاماژە بە ئازایەتی کچان و کوڕانی کوردستان بدەین، کە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕاپەڕینیان کرد و گیانیان لە دژی دەسەڵاتی گەندەڵی ئێران بەخت کرد، وئەم ڕاپەڕینە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ هەموو ئێران بڵاوبوەوە.

 

لەهەمانکاتدا ڕێز و سڵاوی خۆمان بۆ سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی ژینا دەنێرین و سڵاویش بۆ ئەو کەسانە دەنێرین کە جەستەیان کردە قەڵغانی ئەو شۆڕشەی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان هەڵگیرسا، سوپاسی هەموو ئەو کەسانەش دەکەین کە پاڵپشتی شۆڕشی ژینایان کرد.

 

شۆڕشی ژینا  لە ڕۆژهەلاتی کوردستانەوە سەری هەڵدا و لە هەموو ئێراندا بڵاوبووەوە و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو بە سیمبۆلی شۆڕشی ژینا لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران و بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە، خەباتی یەکسانخوازی ژنان و پیاوان لە دژی دیکتاتۆرییەتی ڕژیمی ئێران گەیشتە لوتکە و داخوازییە ڕەواکانی گەلی کوردی بۆ ئازادی و یەکسانی ڕوون کردەوە.

سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی ژینا ئەمینی دەکرێت بە خەباتی شۆڕشگێڕی لە کۆمەڵگەی ئێراندا هەژمار بکرێت، کە تێیدا ژنان بوونە پێشەنگ و لەگەڵ پیاوان لە دژی هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەک یەکگرتوو بوون و شەقامەکانی کوردستان و ئێرانیان کۆنترۆڵ کرد.

 

خەبات و تێکۆشان بۆ ژنان بوو بە هێمای یەکگرتوویی گەلانی ئێران، هێمای خۆڕاگری بوو لە بەرامبەر هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەک، دەنگی خوێندکارانی زانکۆکان بوو بە دەنگی ئازادی و یەکسانی.

 

شۆڕشی ژینا بۆ ماوەی ٤٤ ساڵ پڕوپاگەندەی ڕژێمی ئێرانی لە دژی گەلی کورد بێلایەنکرد، بە جۆرێک گەلانی دیکەی ئێران کوردستانیان بە چاو و ڕووناکی ئێران ناوبرد و لە تەواوی ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش هەر نەتەوەیەک بە زمانی خۆی هاواریان دەکرد بژی کوردستان و بەهۆی ئەو شۆڕشەوە لەڕاستیدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو بە هێمای ئازادی و یەکسانی.

 

شۆڕش لە ئێران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستیپێکرد و دیکتاتۆرەکانی کەڕ کرد، کە ئەم شۆڕشە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و جیهانییە کە هەوراز و نشێوی خۆی هەیە، بەڵام مەشخەڵەکەی داگیرساوە و خەباتی ڕزگاریخوازانەی هەموو گەلانی ئێران هێز و تینوێتی گەلی ئێرانە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان و بێ چەوساندنەوەیە.

 

سەرکردەکانی ئەم بزووتنەوەیە، کوڕان و کچانی ناو گەل بوون لە کوردستان، ئازەربایجان، بەلوچستان، کاسپیان، ئەهواز و تورکمانەکانی فارس و ڕۆڵەکانی نیشتیمان بوون بە ڕووناکی و مەشخەڵی ئازادی.

 

ژنانی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ پێشەنگی ئەم شۆڕشە بوون، شۆڕشێک کە بە بەشداری فراوانی ژنان، بە داخوازی دادپەروەرانە و پێشکەوتنخوازانە دەستی پێکرد، شۆڕشێک کە ئامانجی تەنها گۆڕینی تەواوی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نەبوو، بەڵکو گۆڕینی کۆنەپەرستی، نەریتە کۆنەکان، کولتووری پیاوسالاری و جیاکارییەکان بوو، ئەو دەستکەوتانەی کە بە هەوڵی ئەم شۆڕشە کۆمەڵگەی مەدەنی ئێرانی گۆڕیووە و لە جیهاندا بە شۆڕشی ژنان ناسراون و لە سەرانسەری جیهاندا پشتیوانییەکی بەرفراوانیان لێ کراوە و بوونەتە سەرچاوەی ئازادی.

 

ئێمە، ناوەندی ژنانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، لە ٨ ئادار بۆ هەموو ئەو ژنانەی لە ڕێگای ئازادی و دادپەروەریدا گیانیان بەخت کرد،  ئەشکەنجە دران، برینداربوون و سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا و گەلانی تێکۆشەری ئێران و گەلی تایبەتی کورد دادەنێین و وەک ناوەندی ژنانی کوردستان هەوڵی ڕێکخستن و یەکگرتوویی گەل دەدەین، ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات و بەردەوامە لە پاڵپشتی  شۆڕشی ژینا.

 

  ئەو کچ و کوڕانەی کە بە بێ هیچ چەکێک ڕاستەوخۆ دژی ڕژێمی ئێران وەستانەوە بەڵام باوەڕیان بە ئازادی هەبوو،  سەرکەوتن بۆ ئازادیخوازەکانە و هیچ دیکتاتۆرێک بۆ هەمیشە نەژیاوە."