سەنتەری فینقیا کاردەکات بۆ پەرەپێدانی تواناکانی منداڵان

سەنتەری فینیقیا پەروەردەی منداڵان و گەنجانی کۆمەڵگا دەکات، پەرە بە لێهاتوویی و پیشەکانیان دەدات تا بتوانن کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو بنیات بنێن.

شیرین محەممەد

 

قامیشلۆ- ناوەندی پەروەردەیی فینیقیا بە دروشمی "کاری دەستی پاراستنە لە هەژاری" بناغەی کارەکانی پەروەردەکردنی گەنجانی دامەزراندووە.

 

سەبارەت بە ئەرک و ئامانجەکانی سەنتەری فینیقیا کە سەرەتای ئەمساڵ لە شاری قامیشلۆ لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کرایەوە، سوعاد عومەر ئەندامی ئەو سەنتەرە و مامۆستای زمانی ئینگلیزی دەڵێت: "سەنتەرەکە پەروەردەی کۆمەڵگە و گەنجانی ناوچەکە دەکات و پەرە بە تواناکانیان دەدات".

 

"پێویستە گەنجان لە کێبڕکێدا بن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان"

سوعاد عومەر ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن لقی تر بۆ سەنتەرەکە بکەنەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا چونکە گەنجان بنەمای گەشەپێدانی کۆمەڵگون، بۆیە هەوڵدەدەن ژێرخانێکی بەهێز بۆ کۆمەڵگە دروستبکەن و وتی: "پێویستە گەنجان لە کێبڕکێدا بن بۆ بەدیهێنانی ئامانج و خەونەکانیان، پێویستە پەرە بە توانا و پیشەکانیان بدەن لە هەموو بوارەکاندا."

 

هەروەها سەفا گاوی، کە لە سەنتەری فینیقیا دەخوێنێت کە ٢٣٠ خوێندکاری تێدایە، ئاماژەی بەوەکردووە، لە کردنەوەی سەنتەرەکەوە، خەریکی فۆتۆگرافی و ڕاهێنانی زمانی ئینگلیزی بووە.

 

سەفا گاوی ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی ئەم ڕاهێنانانەوە پەرەی بە تواناکانی خۆی داوە و وتی: "بەو زانیاریانەی ئێستام ڕازی نەبووم، دوای تەواوکردنی زانکۆ بە بەشی ئینگلیزی، لە زۆر پیشەدا کارم کرد بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی خۆم، هەموومان هەمیشە پێویستمان بە زانیاری نوێ و پیشەی جیاواز هەیە، پێویستە سوود لە کاتە بەتاڵەکانمان وەربگرین، ئێمە هێشتا لە سەرەتای ژیانمانداین، بۆیە دەبێت بناغەیەکی باش و تەندروست بۆ خۆمان دروست بکەین."

 

"دەبێت بە کارەکانمان چەشنە کۆنەپەرستییەکانی کۆمەڵگا بشکێنین"

سەفا گاوی باسی لەوەشکرد، هیوای من ئەوەیە کە گەنجان لە زۆر بواردا بەشدار بن و بەشداری لە پڕۆژەی نوێدابکەن و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: " پشتگیری هەموو کچان و گەنجانی کۆمەڵگە دەکەم بۆ ئەوەی خۆیان پەرەپێبدەن و کۆمەڵگەش پەرەپێبدەن، پێویستە خۆمان و خاڵە بەهێزەکانی خۆمان بناسین، بۆ ئەوەی دۆخی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان باشتر بکەین، پێویستە سوود لە هەموو ئەو دەرفەتانە وەربگرین کە پێشکەشمان دەکرێت، ئەو قاڵبە بشکێنین کە کۆمەڵگە بەسەر ژناندا سەپاندوویەتی."