بەهۆی داڕمانی سەقفی قوتابخانەی کچان لە ئابادان، قوتابیان بریندار بوون

لە ئێران بەشێک لە سەقفی قوتابخانەی کچان لە ئابادان داڕما و لە ئەنجامدا ٣ قوتابی بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

گرتەیەکی ڤیدیۆیی داڕمانی سەقفی قوتابخانەیەکی کچان لە ئابادان بڵاوکرایەوە، کە تێیدا ٣ قوتابی بریندار بوون، هاوکات ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان بە هۆی داڕمانی قوتابخانە و فەزای پەروەردەییەوە دەبنە قوربانی.

 

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لەسەر داڕمانی سەقفی قوتابخانەیەک لە شاری ئابادان بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک برینداربوون، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند کە ٣ قوتابی گەیەندراونەتە کلینیک و وێنەکانیان گیراون.

 

بەڵام ئەوەندەی لە بەیاننامەی پەروەردەدا ئاماژەی پێکراوە، هەوڵیانداوە ئەم ڕووداوە ئاسایی دەربخەن، بەجۆرێک کە لە بەیاننامەی پەروەردەدا هۆکاری داڕمانی سەقفەکە شێدارییە، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو قوتابیانە بە سەختی بریندار نەبوون.

 

ساڵانە لە ئێران زۆرێک لە قوتابیان دەبنە قوربانی قوتابخانە کۆن و ناستانداردەکان، سەرەڕای دەستووری ڕژێمی ئێران کە باس لەوە دەکات خوێندن بێبەرامبەرە، زۆربەی قوتابخانەکان وێرانن و تەنانەت هەندێک جاریش لە دایک و باوکان پارەی کارەبا و گاز و کاغەز و هتد وەردەگیرێن و زۆر حاڵەتیش هەبووە کە قوتابیان ناچار کراون وازبهێنن لە خوێندن بەهۆی نەبوونی توانای داراییەوە.