لە هەلومەرج و شوێنی جیاوازدا لە ماوەی ساڵێکدا ٢٢٧ ژن لە سووریا کوژراون
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستی کردەوە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٢٢٧ ژن لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی سووریا بە توندوتیژی کوژراون.
ناوەندی هەواڵ
ژنان لە سووریا ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری بوونەتەوە، بەو پێیەی لەناو چادرەکانی ئاوارەبووندا لە ژێر بارودۆخێکی سەختدا دەژین و بە سەختی دەستیان بە خۆراک و ئاو دەگات، بەم شێوەیەش بوونە زیانبەرکەتووی ململانێ و قەیرانەکان لە نەبوونی پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ئەمڕۆ ٢٤ی کانوونی یەکەم، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، ٢٢٧ ژن بە کردەوەی توندوتیژی لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا کوژراون.
ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆی ٢٢٧ ژن کە کوژراون ٩٢یان بە مەبەست کوژراون، ٢٧یان بە هۆی پاشماوەی جەنگەوە کوژراون، ١٤ کەسیان بە بۆردوومانی داگیرکاری تورکیا کوژراون، ٩یان لە هەلومەرجێکی نادیاردا و سێیان لەلایەن داعشەوە کوژراون، هاوکات ٩٢ ژنی دیکەش لە ساڵی ڕابردوودا لە بارودۆخی جۆراوجۆردا کوژراون.
هەروەها ڕوانگەی سووری لە ڕاپۆرتەکەیدا گیان لەدەستدانی ٢٤١ ژن و کچی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە هەلومەرج و شوێنی جیاواز لە سووریا تۆمار کردووە.
ئەو ڕوانگەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە ژنانی سووریا ڕووبەڕووی دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەدان دەبنەوە لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا، هەروەها چیرۆکی ئەو ژنانەی لە ناو زیندانەکاندا دەستگیرکراون و ئەشکەنجە دراون و دەستدرێژییان کراوەتە سەریان بەڵگە کردووە.
ڕوانگەکە داوای گرنگیدان بە ڕۆڵی ژنان لە قۆناغی داهاتوودا و بەشداریکردنیان لە دیالۆگی نیشتمانی و بوارە جیاجیاکاندا کردووە، بەتایبەتی دوای ئەو هەموو سەختی و برسێتی و بێبەشییەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا تێیان پەڕاندووە.