ژنان داوا دەکەن هاوکاری و پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت
کۆمیتەی ژنانی ٢٥ی تشرینی دووەم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، کە هەموو لایەک هاوکار بن تا هاوکاری ماددی و مەعنەویی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بنێردرێت، جەختیشیان کردەوە دەبێت دەروازە سنوورییەکان بکرێنەوە بۆ ناردنی هاوکارییەکان.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2024/12/20241207-screenshot-2024-12-07-140119-png7d3721-image.jpg)
سلێمانی
ئەمڕۆ لە بارەگای هاوپەیمانی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆمیتەی ژنانی ٢٥ی تشرینی دووەم، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەست و پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دەربڕی و کەمپەینی كۆكردنەوەی هاوکارییان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، بێخاڵ سابر، ئەندامی کۆمیتەکە وتی: بە دروشمی "ڕۆژئاوا سەردەکەوێت" ئەمڕۆ پشتیوانی و پشتگیری خۆمان بۆ ڕۆژئاوا ڕادەگەیەنین، زیاتر لە هەفتەیە شەڕ و وێرانکاری و داگیرکاری رووی کردووەتە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژانە سەدان کەس ئاوارە دەبن و دەکوژرێن، بە تایبەت ژنان و منداڵان بەرکەوتەی ئەو شەرەن، بۆیە ئێمە داوا لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و حکومەت و ڕێكخراوەکان دەکەین هاوکارمان بن لە پشتوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان.
دەشڵێت: دوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە هێزی پێشمەرگە بجوڵێنێت بۆ پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای كوردستان و داواش دەکەین کە دەرگای گفتوگۆ لەنێوان لایەنەكان بکرێتەوە.
وتیشی: تا ئێستا مۆڵەتی ڕێگەپێدانی کەمپەینمان پێنەدراوە و داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین هاوکارمان بێت و ڕێگەمان پێبدات بۆ ئەوەی لەم هەفتەیەدا كەمپەینەكە ڕابگەیەنین، هاوکاری پشتیوانییەکانمان بنێرین، هەروەها دەرگای سنووری بکرێتەوە تا هاوکارییەکان بگەن، تا چیتر خەڵکی مەدەنی و بێتاوان نەبنە قوربانی، چونکە گروپە چەکدارەكانی سوریا دوژمنی هەموو کوردن و لەلایەن دوژمنانی کوردەوە ئاراستەکراون.