چیرۆکی بەرگەگرتنی ژنانی غەززە لە هەلومەرجی سەختدا

ژنانی غەززە لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی و بارگرانییەکی قورستر دەبنەوە.

نەغم کراجە

 

غەززە - شەڕی بەردەوامی کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە، زۆرێک لە ژنانی ناچار کردووە کە چەندین جار ئاوارە ببن و بەرگەی سەختیگەلێک زیاتر لە تەوانیان بگرن، ئازارەکانیان بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی ژیانییەوە زیاتر دەبێت، بەجۆرێک لە ژینگەیەکی نامرۆڤانەدا کە کەمترین ئاسانکاری بایۆلۆجی نییە، ژیان دەکەن.

 

زەریفە ئەبوقورە، چالاکوانی مافەکانی ژنان ڕوونیکردەوە، لە سەرەتای ململانێکانی حەوتی تشرینی یەکەم لە کەرتی غەززە، گۆڕانکارییەکان لە ژیانی ژناندا تەنها گۆڕانکارییەکی سادە نەبوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بوو کە لە بنەڕەتەوە ژیانی ئەوانی گۆڕی، وتیشی: لەکاتێکدا لە سەرەتای جەنگدا ئاوارەبوون سنووردار بوو بە جوڵەی خەڵک لە باکوورەوە بۆ باشووری کەرتی غەززە لە وەڵامی فەرمانی چۆڵکردن کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەرچووە، ئێستا دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە، لە ئێستادا ئاوارەبوون لە هەمان ناوچەی جوگرافی ڕوودەدات، بۆ نموونە ئەوەی لە شاری ڕەفەح ڕوویدا، کە دانیشتووانی بە ناچاری ڕوویان لە ناوچەی مەواسی خان یونس کرد- ناوچەیەک کە وەک پەناگەیەکی مرۆیی سەلامەت پێشکەش دەکرێت، بەڵام واقیعی سەر زەوی نیشان دەدات کە تەنیا وێستگەیەکی نوێیە بۆ بەرگەگرتن بۆ دوو هێندە ئازاری زیاتر.

 

ڕوونیشی کردەوە کە ئەم ئاوارەبوونە زۆر و زیادانە کاریگەری وێرانکەری لەسەر ژنان هەیە، ئاوارەبوونی لەناکاو کە خۆی لە خۆیدا کارەساتبارە، هیچ کاتێک ناداتە خێزانە زیانلێکەوتووەکان بۆ پلاندانان یان دۆزینەوەی بەدیلێکی گونجاو، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی بێ وێنەی ژمارەی ئاوارەکان، دۆخەکە لەوەش خراپترە، چونکە کێشەی نەبوونی ئامرازەکانی گواستنەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی زیادی کردووە، ئەمەش وا دەکات دۆزینەوەی  شوێنێک بۆ مانەوە یان ئامرازێکی گواستنەوە زەحمەت ببێت.

 

لەم بارودۆخە سەختانەدا ژنان ناچار دەبن لەسەر شۆستە و دەرەوە بخەون، لەوێدا ڕووبەڕووی بارودۆخی نالەباری کەشوهەوا و سەختی زۆر دەبنەوە، جگە لەوەش ناوچەی مەواسی دەکەوێتە خان یونس کە سەدان هەزار ئاوارەی لە خۆ گرتووە، جگە لە بیابانێکی وشکی پڕ لە مێروو و مار و مێشوولە، کە ژیانی تێدا دەکاتە دۆزەخێکی بێ کۆتایی نییە.

 

جەختی لەوە کردەوە کە ئەم تەحەددا و سەختییە سەرسەختانە تەنیا بەشێکن لە وێنە گشتییەکەی ژیانیان، لە دەرەوەی دانانی شوێنی حەوانەوە و دابینکردنی کەمترین بارودۆخی ژیان، ژنان خۆیان لە ناو بەرپرسیارێتییەکی زیاد دەبینن کە ئازارەکانیان دوو هێندە دەکات، "بەداخەوە ژنان ناچارن دار کۆبکەنەوە و خواردن دروست بکەن و ئاو دابین بکەن، ئەم ئەرکانە بلە سەر لیستی درێژی بەرپرسیارێتیەکانی ڕۆژانە زیاد دەببێت و فشاری دەروونی و جەستەیی چڕتر دەکەنەوە، لە ژینگەیەک بەم شێویەدا، ژیان دەبێتە شەڕێکی بەردەوام بۆ مانەوە، کە ژنان بەهۆی نەبوونی پێداویستی و ئیمکاناتی سەرەتاییەوە زۆرترین باج دەدەن.

 

ژنان بەدوای کاردا دەگەڕێن

زەریفە ئەبوقورە باسی لەوەشکرد، لە هەوڵێکدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم فشارانە، زۆرێک لە ژنان بە هەموو شێوەیەک بەدوای کاردا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بتوانن سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن، بەڵام دامەزراندن بەتەنها بەس نییە بۆ کەمکردنەوەی ئەم بارگرانییە، چونکە نەبوونی بژێوی خێزان، جا بە هۆی لەدەستدان، برینداربوون یان بێکارییەوە، ژن ناچار دەکات هەموو کاروباری خێزانیان بەڕێوەببەن، سەدان ژن و کچ ناچارن لە فرۆشتنی کەلوپەلی سادە و ئامادەکردنی نان و پاککردنەوەی ناوەندەکانی نیشتەجێبوون کاربکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژنان لە کاری ڕۆژانە و بێکۆتایی ماڵەوە بێزارن و ئەم بارگرانییە دوو هێندەیە بووەتە هۆی چەندین ئاڵۆزی جەستەیی، لەوانەش کێشەی جومگە و ئێسک و تەنانەت هەناسەدان، کە ئێستا بە ڕوونی لە کۆریدۆرەکانی نەخۆشخانەکاندا دیارە کە پڕن لە نەخۆش.

 

ئەو پێی وایە ئەم هەلومەرجە ناوازەیە پێویستی بە هەنگاوی خێرای ژنان هەیە، وێرانکردنی نووسینگەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان و بڕینی بەشێکی زۆر لە سامانەکانیان ئازاری ژنانی زیاد کردووە، لە نەبوونی ئەو دامەزراوانەدا ژنان لە کەرتی غەززە بە تەنیا و بەبێ پشتیوانییەکی بەرچاو ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە دەبنەوە، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر گرنگی هاودەنگی و کردەوەی بە کۆمەڵی ژنان، چونکە بەبێ ئەم یەکڕیزییە ژنان ناتوانن بەرەنگاری ئەو کێشانە ببنەوە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە هەڵمەتی پشتیوانی چڕ و پڕ بە ئامانجی گەڕاندنەوەی هیوا بۆ ژنان و بەهێزکردنی ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا دەستپێبکرێت، شەڕ نەک هەر ماڵەکانی وێران کردووە، بەڵکو بەها و کەرامەتی مرۆڤی لەناوبردووە، ئەمەش داوای هەوڵی بەکۆمەڵ دەکات بۆ یارمەتیدانی ژنان بۆ وەرگرتنەوەی جێگەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا، "توندوتیژی خێزانی یەکێکە لەو تەحەددایانەی کە سەرهەڵدەدات کە ژنان ڕۆژانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن"، لەگەڵ سەختبوونی بارودۆخی ژیان، ڕێژەی توندوتیژی لە خێزانەکاندا زیاد دەکات، بۆیە پێویستە ئەم هەڵمەتانە نەک تەنها لە ڕوانگەی ماددییەوە پشتگیری لە ژنان بکەن، بەڵکو لە ڕوانگەی دەروونی و کۆمەڵایەتیشەوە، بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بن لە کەمکردنەوەی توندوتیژی کە هەمیشە لە زیادبووندایە.