هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە عێراق کاردانەوەی دەرەکی لێکەوتووەتەوە

ڤێدانت پانێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاویكردەوە، نیگەرانین لە بارەی هەموواركردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە عێراق، چونکە ئەم هەموواركردنەوە دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی مافەكانی ژنان و منداڵان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سەرەتای ئەم مانگەدا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەموواركردنەوەی پرۆژە یاسای باری کەسێتی كرد، بەشێكی زۆری پەرلەمانتاران دژی پرۆژە یاساكە وەستاونەتەوە، لە هەمانكاتدا توڕەیی شەقام و ڕێكخراوەكانی تایبەت بە داكۆكیكردنی لە مافەكانی ژنانی بەدوای خۆیدا هێناوەو ئاماژەیان بەوەکرد، یاساكە كۆمەڵێك بڕگەی تێدایە پێشێلی مافەكانی ژنان و منداڵان و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان دەكات كە عێراق واژۆی كردوون.

 

کاردانەوەکان بۆ ڕەتکردنەوەی هەموواری یاساکە تادێت فراوانتر دەبێت و ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەوبارەیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: نیگەرانین لە پێشنیازەكانی هەموواركردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق، چونكە ئەم هەموواركردنەوە دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی مافەكانی ژنان و منداڵان.

 

وتووشیەتی: داوا لە عێراقییەكان دەكەن بەشداریی لە گفتوگۆیەكی مەدەنییانە بكەن و بە تەواوی ڕێز لە ئازادیی ئایین، بیروباوەڕ و مافەكانی ژنان و منداڵان بگرن.