مەترسییەکانی شەڕ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی حاڵەتی نەخۆشییە دەروونییەکان

کلینیکەکانی دەروونی لە سودان بە ژمارەیەک کەس کە بەدەست نەخۆشییە دەروونییەوە دەناڵێنن سەرقاڵن، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو شەڕەی کە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر لە وڵاتەکەدا سەریهەڵدا و کاردانەوەی نەرێنی بۆ خەڵک بەجێهێشتووە.

ئایە ئیبراهیم

 

سودان- شەڕی سودان کاریگەری درێژخایەنی جەستەیی و دەروونیلەسەر دانیشتوانەکەی کردووە، ئەمە جگە لە هەژاری و بەدخۆراکی و تێکچوونی ئابووری و نەخۆشییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان، کە دیارترینیان نەخۆشییە دەروونییەکانن لە ئەنجامی زەبر و زەنگی شەڕەوە سەرهەڵدەدەن.

 

لە یەکێک لە کلینیکەکانی دەروونناسیدا، ژنانی ئاوارەی خەرتومی پایتەخت، لە تەمەنە جیاوازەکاندا، چاوەڕێی نۆرەی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ پزیشکی دەروونی کۆببنەوە، دەرکەوتووی باوی نێوانیان ئەوەیە کە لە ناکاو تووشی دڵەڕاوکێ و گرژبوون دەبن، جگە لە دەنگی فیشەک و تۆپەکان کە بۆ چەند کاتژمێرێک بەردەوام بەر گوێیان دەکەوت، خەویان ناڕێک بوو، هەرچەندە ئەو ناوچەیەی کە ئاوارە بوون بۆی سەلامەتە، بەڵام دەنگی پێکدادانەکان لە گوێچکەکانیان دەرنەچوو.

 

'ن، ع' باس لەوە دەکات کە ڕۆژێک سەری سوڕما کە دایکی و خوشکەکەی لە دۆخێکی نائاساییدا بینی، و بە تەنیا قسەیان دەکرد لەناو ترس و دڵەڕاوکێیەک کە لەسەریان دیار بوو، ئاماژەی بەوەدا کە کاتێک هەوڵیدا قسەیان لەگەڵ بکات، ئەوان ڕەتیانکردەوە و تەنانەت نەیاندەزانی کێیە، کاتێک پزیشیکی دەروونی بینی و باس لە دۆخی خێزانەکەی کرد پێی ڕاگەیاندووە حاڵەتی هاوشێوە زۆرن.

 

"بەرکەوتەی زەبر، دەروونی یان جەستەیی کاریگەری نەرێنی دروست دەکات"

ئەسیل محەمەد، پسپۆڕی دەروونناس دەڵێت، دانیشتوانی سودان لەناکاو لە خەو هەڵسان بە شەڕ و دەنگی تۆپ، ئەمەش بووە هۆی لەدەستدانی ئاسایشیان، ئەمەش بە قورسترین شت دادەنرێت بۆ ئەوەی مرۆڤ پێیدا تێپەڕێت ئەو کەسانەن لە وڵاتدا کە بەرکەوتەی ئەو شتە بوون کە بە شۆکی دەروونی ناسراوە کە لە ئەنجامی بەرکەوتەی کەسێک بە زەبرێک دروست دەبێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی سودان کاریگەری شەڕیان لەسەر بووە و ژیانیان گۆڕاوە، زۆرێکیان کۆچیان کردووە بۆ ناوچەکانی دیکە کە جیاوازییان لەو ژینگەیەی تیایدا دەژین بینیووە، تووشی سەکتە بوون کاتێک هەستیان دەکرد قورسە لەو ژینگەیەدا بژین کە گونجاو نییە، ڕوونیشیکردەوە، ئەو گروپانەی زۆرترین ئەو حاڵەتەیان بەرکەوتووە ژنان بوون، چونکە ئەوان زیاتر سۆزداری بوون و قبوڵکردنی شەڕیان کێشە بووە، جگە لەوەش گەنجان بەهۆی لەدەستدانی ئایندەیان و قبوڵنەکردنی ژیانی نوێ بە ڕێژەیەکی زۆر کارتێکراو بوون.

 

"حاڵەتەکانی خۆ کوشتن زیادی کردووە"

ئەسیل محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، لەم دواییانەدا حاڵەتەکانی خەمۆکی و خۆکوشتن زیادیکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، وەک پزیشک هەوڵ دەدەن لەڕێگەی ژمارە پەیوەندییەکان و پێشکەشکردنی ڕاوێژکارییەوە هاوکاری نەخۆشەکان بکەن وتی: سودان بووەتە شوێنی سەرەکی تێکچوونە دەروونییەکان، ساڵی ڕابردووش زۆرترین ڕێژەی خەمۆکی لەو وڵاتەدا تۆمار کرا.

 

هەرچەندە نەخۆشی دەروونی یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە دەبێت لە لایەن پزیشکی پسپۆڕەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام ئاماژە بەوە دەکرێت کە کۆمەڵگەی سودان ڕەتیدەکاتەوە داوای یارمەتی لە پزیشکی دەروونی وەربگرێت، بە بیانووی ئەوەی ئەوانەی دەچنە لای پزیشکی دەروونی بەر نەخۆشە دەروونییەکان دەکەون، ئەمەش لەلایەن کۆمەڵگە و خێزانەکانەوە قبوڵ ناکرێت و پێیان شەرمە.

 

"خەڵکی سودان هیوایان لەدەست نەداوە"

تەقوا موبارەک توێژەری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، شەڕی درێژخایەن کاریگەری بەجێدەهێڵێت و کاریگەری لەسەر تاک و خێزانەکان دادەنێت، کە بە بنچینەی کۆمەڵگە دادەنرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕەکە بووە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان لە ویلایەتەکانی تر و ژیان لەگەڵیان لە یەک ماڵدا، کە بووە هۆی قەرەباڵغی لە ماڵەکاندا و خۆلێدان و کێشە لە نێوان خێزانەکاندا چونکە هەر تاکێک و خێزانێک چەمک و داب و نەریتی جیاوازیان هەیە، ئەمەش بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە خێزانەکان، لەدەستدانی خوشک و براکان و ڕێژەی بەرزی جیابوونەوە، جگە لە بەرزی ڕێژەی نەخۆشی دەروونی و خەمۆکی بە تایبەتی.

 

سەرەڕای هەموو ئەمانە، کۆمەڵگەی سودان هەوڵی یەکگرتوویی و پێکەوەژیانی لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانە دەدات و هەوڵ دەدات تاک قبوڵی ئەم دۆخە بکات، هەرچەندە دۆخەکە بەردەوامە بەڵام هێشتا ئەو هیوایە لە نێو خەڵکدا هەیە کە چارەسەری بەپەلە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ سودان هەیە.