کەنەکە لە باشووری کوردستان لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبێتەوە

هاوسەرۆک و ئەندامانی کەنەکە، بۆ کۆکردنەوەی هەڵوێستی لایەن و کەسایەتییەکان لەسەر، بەڕێوەچوونی دادگایی کەیسی شەهید دەنیز جەودەت و تاوتوێکردنی پرسی داگیرکاری خاکی کوردستان، لەگەڵ تەڤگەری ئازادی کۆبووەوە.

سلێمانی

 

شاندێکی کەنەکە، کە پێکدێن لە ئەحمەد قەرەمووس، هاوسەرۆکی گشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، مژدە عەباس، حەکیم عەبدولکەریم و شێرکۆ حەمە ئەمین، سەردانی لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستانیان کرد، بۆ کۆکردنەوەی هەڵوێستی لایەن و کەسایەتییەکان لەسەر، بەڕێوەچوونی دادگایی کەیسی شەهید دەنیز جەودەت و تاوتوێکردنی پرسی داگیرکاری خاکی کوردستان.

 

ئەمڕۆش لەگەڵ هەریەک لە حزبی شیوعی کوردستان تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی ئێران کۆبوونەوە.

 

ئەمڕۆ شاندەکە لە بارەگای سەرەکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لەگەڵ تەڤگەری ئازادی کۆبوونەوە و باسیان لە ئەنجامەکانی دووەمین دانیشتی دادگای کەیسی شەهید دەنیز جەودەت بولوون، ئەندامی کەنەکە کرد، کە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٣دا، لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر نوسینگەی کەنەکە لە شاری هەولێر شەهید کرا، هەروەها تاوتوێی پرسی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان کرا و مەترسییەکان باسکران.

 

"ئامانجی سەردانییەکەی کەنەکە بۆ یەکسخستنی پارتە سیاسییەکانە لە باشووری کوردستان"

 

تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کوردستان، لە بارەی سەردانی شاندی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان، وتی: ئامانجی سەردانییەکە باسکردن بوو لە دۆسیەی شەهید دەنیز جەودەت و پرسی داگیرکاری سەر خاکی باشووری کوردستان، هەردوولا ناڕازین بە ئەنجامی هەردوو دانیشتنەکەی دادگاییکردنی تاوانباری شەهیدکردنی دەنیز جەودەت، چونکە بەبێ هۆکار دانیشتنەکە دوادەخرێت، ئێمە داوای سەروەری دادگا دەکەین، پێویست دەکات دادگا بە تایبەت لەم دۆسیەیەدا سەروەری هەڵبژێرێت بۆ سەقامگیری هەرێمی کوردستان، هیوادارین دۆسیەی شەهید دەنیز لە دادگادا دوانەخرێت و بە ئەنجام بگات.

 

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا باس لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا کرا، هەروەها تارا حسێن وتی: سەرەڕای ئەو داگیرکاریانەی لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجام دەدرێت، هاوڵاتیان بێ ئاگا و دەسەڵات خەمساردن، ئامانجی سەردانەکەی کەنەکەش یەکخستنی دەنگی لایەنە سیاسییەکانە لە باشووری کوردستان.

 

بڕیارە کەنەکە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ کەسایەتی و چالاکوانانی شاری سلێمانیدا کۆببێتەوە.